رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا دەڵێت، ئەم ساڵ زیاتر لە شەش هەزار و 500 هاونیشتمانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە. دەشڵێت، نزیکەی 100 کەس لە کۆچبەران، لە وڵاتانی جیاجیا زیندانی کراون.
ئەمڕۆ هەینی 21-11-2025 ئەبوبەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا لە رێوڕەسمی گەڕاندنەوەی تەرمی مانی حەسەن، ئەو گەنجەی خەڵکی دەڤەری راپەڕین کە بەهۆی نەخۆشییەوە لە بەریتانیا گیانی لەدەستدا، ئاماری ئەم ساڵی تایبەت بە کۆچبەرانی راگەیاند.
بە گوتەی ئەبوبەکر عەلی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، زیاتر لە شەش هەزار و 500 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە کە لەو ژمارەیە نزیکەی هەزار و 500ـیان خەڵکی دەڤەری راپەڕینن.
وەک سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان گوتی، ''لەو رێگەیەدا، چوار گەنج بوونەتە قوربانی کە تەرمی دووانیان گەڕێندراونەتەوە و چاوەڕێ دەکەین فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی گەڕاندنەوەی دوو تەرمەکەی دیکەش بدات.''
ئەبوبەکر عەلی ئەوەشی خستەڕوو، جیا لە بەندکراوان، لانیکەم حەوت کۆچبەری کوردی دیکە بێسەروشوێنن.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان ئاماژەی بەوە کرد، ماوەی شەش مانگە 9 هاونیشتمانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بولگاریا زیندانی کراون کە حەوتیان خەڵکی دەڤەری راپەڕینن و دووانیان خەڵکی پارێزگای دهۆکن. هەروەها دوو هاونیشتمانیی دیکە لە مالیزیا راگیراون.
ئەبوبەکر عەلی گوتیشی، 80 کۆچبەری هەرێمی کوردستان لە لیبیا و توونس دەستگیرکراون و ماوەی ساڵێک و 20 رۆژیشە خێزانێکی کورد لە ئەرمینیا گیراون؛ ''ئومێد دەکەین فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەت و وەزارەتی دەرەوەی عێراق بێنە سەر هێڵ بۆ ئەوەی ئەو هاونیشتمانییانەش بگەڕێننەوە.''
ئەم ساڵ چەندینجار گەنجانی کورد لە لیبیا و توونس دەستگیرکراون و گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، کە دەیانەوێ لەو وڵاتانەوە بە دەریادا خۆیان بگەیێینە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ