رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی "هاوپەیمانیی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە" دەڵێت، فرەلیستی بووە هۆی کەمکردنەوەی کورسییەکانی کورد لە کەرکووک و ململانێی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بە زیانی کورد شکاوەتەوە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
رێبوار تەها، سەرۆکی هاوپەیمانیی کەرکووک هێزو ئیرادەمانە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە راستەوخۆ لە کەرکووک پێشکێشکرا گوتی، ململانێی لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە زیانی کورد شکاوەتەوە و ئێستا 75٪ی خەڵکی کەرکووک پێیانوایە پارتی و یەکێتی ناتوانن پێکەوە کاربکەن.
گوتیشی، پارتی و یەکێتی پێویستە لە ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک هاوئاهەنگی بۆ داهاتوو بکەن، چونکە بەردەوامیدان بە کێشەکانی رابردوو هیچ ئەنجامێکی نابێت.
بە گوتەی رێبوار تەها یەکێتی ئێستا یەک سەرچاوەی بڕیاردانی هەیە و لەوبارەیەوە دەڵێت، "بڕیاری سەرۆکی یەکێتی ئەوەیە کە لەگەڵ لایەنەکان پێکەوە کاربکەین."
سەرۆکی هاوپەیمانیی کەرکووک هێزو ئیرادەمانە گوتی، "دەکرێ پارتی و یەکێتی هاوپەیمانێتییەکی گەورە و بەرفراوان بۆ پارێزگەکانی کەرکووک و نەینەوا و دیالە بکەن کە کورد دەنگی تێدا هێناون. کورد چاوی لەوەیە پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرێتەوە و بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسییەکانیش یەکێتی ئەو پۆستە بە مافی خۆی دەزانێت."
لەبارەی بەربژێری حیزبەکەشی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک، رێبوار تەها دەڵێت، هێشتا بە فەرمی هیچ کەسێک دەستنیشان نەکراوە. "من ئامادەم پۆستی پارێزگار وەربگرم ئەگەر سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی پێیان باشبێت. یەکێتی پرۆژەی ئامادەی بۆ ئیدارەدانی کەرکووک هەیە کە سەرنجی زۆری خستووەتە سەر بەهێزکردنی ئابووری شارەکە."
باسی لەوەشکرد، "کاری لەپێشینەی یەکێتی بۆ ئیدارەدانی کەرکووک دوو دۆسیەیە، یەکەمیان پێکەوەژیان و دووەمیش سڕینەوەی شوێنەوارە خراپەکانی ئیدارەی ئێستای کەرکووکە لە پارێزگاکە".
هەر لە رووداوی ئەمڕۆدا رێبوار تەها، سەرۆکی هاوپەیمانیی کەرکووک هێزو ئیرادەمانە باسی لە بەشداریی لایەن و پێکهاتەکانی کەرکووک لە حکومەتی خۆجێی کرد و گوتی، مەرج نییە هەمووان بەشداری حکومەت بن و ئێمە خوازیارین هەندێک لایەن ببنە ئۆپۆزیسیۆن و چاودێریی کارەکانی حکومەتی خۆجێی بکەن.
رۆژی 16 و 18ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی تایبەت و گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، زیاتر لە 16 ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەبوو، زیاتر لە 6 ملیۆن کەس لە عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەنگیان دا.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، لەکۆی 16 کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 5 کورسی و پارتی دیموکراتی کوردستانیش دوو کورسییان بەدەستهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ