رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئەو شەپۆلە باران و لافاوەی ئەم مانگە سنووری ئیدارەی گەرمیانی گرتەوە، رێگەی نزیکەی 20 گوند زیانیان بەرکەوتووە. بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان دەڵێت، بۆ نەهێشتنی مەترسی و زیانەکانی لافاو، پێویستیان بە یەک ملیار دینارە.
عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان، میوانی بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو بوو، رایگەیاند، بارانبارینی ئەم ساڵ بەهۆی زۆریی بڕەکەیەوە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر رێگە سەرەکی و لاوەکییەکان هەبوو؛ ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی 20 گوندی سنوورەکە زیان بەر رێگەکانی کەوتووە.
"زێدەڕۆیی رێڕۆی ئاوەکانی گۆڕیوە"
بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان دەڵێت: "لە هەندێک شوێندا لە ساڵانی وشکەساڵیدا رێڕۆی سرووشتیی ئاوی بەهۆی کاری کشتوکاڵییەوە دەستکاری کراون یان تەسک کراونەتەوە، ئەمەش وایکردووە لە کاتی لافاودا ئاو بچێتە سەر شەقامە سەرەکییەکان و زیان بگەیەنێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان، رێگەی کفری-سەرقەڵا لە نزیک گوندی ئیبراهیم خان یەکێک بووە لەو شوێنانەی زیانی بەرکەوتووە و ئاوبەرەکان توانای تێپەڕاندنی ئەو بڕە زۆرەی ئاویان نەبووە. ئەو بەرپرسە گوتی: "بۆ چارەسەری بنەڕەتیی ئەم گرفتانە و دروستکردنی پرد و ئاوباری نوێ، پێویستمان بە بودجەیەکی خێرایە کە نزیکەی یەک ملیار دینارە."
رێگەی 20 گوند زیانیان پێگەیشتووە
سەبارەت بە رێگەی گوندەکان، عەدنان خەلیل گوتی، زیاتر لە 20 گوند لە سنووری ئیدارەی گەرمیان رێگەیان زیانی بەرکەوتووە: "بەو توانا مرۆیی و لۆجستیەی لەبەردەستمانە و بەو ئامێرانەی ئیدارەی گەرمیان بۆی دابین کردووین، خەریکی چاککردنەوەی رێگەی ئەو گوندانەین کە رێگەکانیان لافاو زیانی پێگەیاندووە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان باسی لە پڕۆژەی جووتسایدی دەربەندیخان-زەڕایەن کرد کە تاوەکو گوندی میرەدێ دەکرێتە دووساید و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بە بەهای زیاتر لە 40 ملیار دینار کار لەو پڕۆژەیەدا کراوە: "تەواوبوونی پڕۆژەکە و بەردەوامیی کارەکان بەستراوەتەوە بە خەرجکردنی شایستە دارایییەکانی بەڵێندەران لەلایەن حکومەتەوە."
بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان گوتیشی، لە ماوەی رابردوودا توانیویانە کاری چاککردنەوە بۆ رێگەی بەشێک لە گوندەکانی سنووری ناحیەی قۆرەتوو و ناحیەی مەیدانی سەر بە قەزای خانەقین بکەن و نزیکەی 95٪ی کارەکانیان تەواو بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ