پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: 84%ی گەڕەکەکانی وان گازی سرووشتییان نییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بازنەی وان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، لە کۆی 696 گەڕەک لە پارێزگای وان، تەنیا 111 گەڕەک گازی سرووشتییان پێگەیشتووە و 84%ی گەڕەکەکان لەو خزمەتگوزارییە بێبەشن. گوتی: "ژێرخانی گازی سرووشتی بووەتە پێویستییەکی بەپەلە."
 
مەحموود دیندار ئاماژەی بەوە کرد، لە مانگەکانی کانوونی یەکەمەوە تاوەکو ئادار زستانی زۆر سەختن، بەڵام سیاسەتێکی گەرمکردنەوەی گونجاو لەبەرچاو نەگیراوە. روونیکردەوە، لە رووی ژێرخانی کارەبا، سیستمی شۆڤاز وەبەرهێنانی پێویست نەکراوە، شارەکانی باکووری کوردستان پشتگوێ خراون و ئەو دۆخەی بە "جیاکاریی سیاسی" ناوبرد. جەختی لەوەش کردەوە، بەهۆی نەبوونی گازی سرووشتییەوە، خەڵک خەڵووز و سووتەمەنییەکانی دیکە بەکاردەهێنن، ئەمەش بووەتە هۆی پیسبوونی هەوا.
 
دیندار، گوتی: "ناوچەکەمان لە رووی ژێرخانی کارەبا، وزە، دروستکردنی سیستمی شەمەندەفەر، هێڵەکانی پەیوەندیی تەلەفۆن و دروستکردنی رێگە و توونێلی نێوان شارەکاندا بەردەوام پشتگوێ خراوە." 
 
مەحموود دیندار، سەرنجی خستە سەر کەموکوڕییەکانی کۆمپانیای ئاکسا کە بەرپرسە لە ژێرخانی گازی سرووشتی لە وان و رایگەیاند، پێشنیازەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەبەرچاو نەگیراوە. دیندار گوتی، سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیاکە نزیکەی 20 ساڵە لە شارەکەدا کار دەکات، هێشتا ژێرخانەکەی تەواو نەکردووە و بەهۆی کەمی کارمەند و ژێرخانەوە، هاونیشتمانییان کەسێکیان دەستناکەوێت وەڵامیان بداتەوە.
 
دیندار باسی لەوە کرد، لە قەزاکانی شاتاخ و باخچەسارای تەنانەت یەک ماڵیش گازی سرووشتی نییە و ئەمەی بە "قبووڵنەکراو" هەژمارکرد. ئاماژەی بەو کێشانە کرد کە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی گەرمکردنەوە و چێشتخانەدا دروستبوون و گوتی، نرخی بوتڵی غازی چێشتخانە لە ساڵی 2024دا 19 جار بەرزکراوەتەوە و لە ساڵی 2025شدا بەردەوامە. نرخی بوتڵێکی گاز لە وان گەیشتووەتە 1035 لیرەی تورکی (نزیکەی 31 هەزار و 750 دینار)، لە کاتێکدا ئەو خەرجییە بۆ ماڵانێک کە گازی سرووشتییان هەیە، زۆر کەمترە.
 
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی ئەوەشی خستەڕوو، لەو قەزایانەی کە دەگوترێت گازی سرووشتییان هەیە، کێشەی جیدییان هەیە. گوتی، ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان بە بیانووی "گازی سرووشتی دێت" سیستمی گەرمکەرەوەی زەیتییان کڕیووە و بۆڕییان راکێشاوە، بەڵام هەرگیز گازەکەیان بۆ نەبەستراوە و لە سەرتاسەری وان هەزاران ماڵ سەرەڕای بوونی ئەم سیستەمەی گەرمکەرەوە، هێشتا سۆپا بەکاردەهێنن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەهۆی لافاوەکەوە بەشێکی پەمپەکانی ئاو هێشتا نەخراونەتەوە کار.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی چەمچەماڵ: خشتەی دابەشکردنی ئاو بووەتە 11 بۆ 12 رۆژ جارێک

لافاو و نیشتنی قوڕ و لیتە لەنێو پەمپەکانی ئاو کاریگەری لەسەر ئاوی چەمچەماڵ هەبووە. بەرپرسی راگەیاندنی ئاوی قەزاکە دەڵێ، خشتەی دابەشکردنی ئاو بووەتە 11 بۆ 12 رۆژ جارێک و هێشتا دۆخەکە ئاسایی نەبووەتەوە.