ئۆجەلان: دەمەوێ رێگری لە ناشتنی گەنجان و شیوەنی دایکان بکەم

21-12-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پەیامێکدا کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەری رێزی بۆ شەهیدان دانەواند و رایگەیاند، دەیەوێ رێگری لە ناشتنی گەنجان و شیوەنی دایکانی دیکە بۆ مەرگی جگەرگۆشەکانیان بکات.
 
کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانیی کەسوکاری ئەوانەی نزیکەکانیان لەدەستداوە لە ئەنادۆڵ (ئانکا-دەر)، رۆژی یەکشەممە 21-12-2025، چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ئیستەنبووڵ سازکرد و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەیامێکی بۆ کۆنگرەکە نارد.
 
پێش خوێندنەوەی پەیامەکە، مەراڵ دانیش بێشتاش، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، لە قۆناخی پێکداداندا خەڵک ئازاری زۆری چەشت و گوتی: "ئێمە ئیدی نامانەوێت خوشک و براکانمان لەدەست بدەین. بە شەهیدەکانمانەوە سەربەرزین؛ ئەوان هەموویان بەهای ئەم گەلەن و ئەگەر ئەمڕۆ بتوانین باسی دیموکراسی و ئازادی بکەین و بە زمانی خۆمان بدوێین، ئەوە لە چاکەی ئەوانە".
 
بێشتاش پرۆسەی چارەسەریی نێوان حکومەت و لایەنەکانی بە بەهادار وەسفکرد و گوتی:" ئێمە ئەم پرۆسە بەبێ چەک و بێ رشتنی خوێن و بێ لەدەستدانی هیچ مرۆڤێک، لە رێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە بەرێوەدەبەین".
 
پەیامەکەی ئۆجەلان
 
دوای گوتارەکەی بێشتاش، پەیامەکەی ئۆجەلان بە هەردوو زمانی تورکی و کوردی خوێندرایەوە.
 
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا جەختیکردووەتەوە، وەفادارییان بۆ یادی شەهیدان ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی لە کەشێکی ئاشتییانەدا بنیات بنێن و دەڵێ: "یادی هەموو ئەو شەهیدانەی خەبات دەکەمەوە کە لەپێناو ئازادی، شکۆ و ژیانی یەکسانی گەلان لەم خاکەدا گیانیان بەخشیوە. قوربانیدانی ئەوان وەک هۆشیاری، ئیرادە و پاشخانێکی مێژوویی لە کاروانی ئازادیی ئەم گەلەدا دەژی. ئەوان ویژدانی خەباتی ئێمەن و راستییەکی مێژوویین کە شوێنەواریان لە بیرەوەریی گەلەکەماندا ناسڕێتەوە".
 
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا پەنجە دەخاتە سەر ئەو کارەی ئێستا پێویستە بکرێت و دەڵێ: "دەبێ بە راشکاوی بگوترێت؛ لەم قۆناخەدا خەباتی ئازادی، هونەری رێکخستنی ژیانە نەک زیادکردنی مردن. یادی شەهیدانمان نەک بە لەدەستدانی نوێ، بەڵکو بە بونیاتنانی ئەو ژیانە دیموکراسی، یەکسان و شکۆمەندانەیە مانابەخش دەبێت کە ئەوان لەپێناویدا بەرگرییان کرد. هەر لەدەستدانێک بۆ من هاوکات، هۆکارێکی خەباتە و ئازارێکی قورسیشە کە لە دڵمدا هەڵی دەگرم. دەمەوێ رێگری بکەم و نەهێڵم یەک گەنجی دیکە بنێژرێت و نەهێڵم دایکێکی دیکە بۆ مەرگی جگەرگۆشەکەی شیوەن بکات".
 
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە راشیگەیاند، وەفاداریی راستەقینە، زەمینەسازی نییە بۆ مردنی زیاتر، بەڵکو نیشاندانی ئازایەتییە لە دروستکردنی زەمینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ خەباتێکی ئاشتییانە.
 
هەروەها دەڵێ: "ئەو میراتەی ئەوان بۆیان جێهێشتووین، بەردەوامبوونی شەڕ نییە. بەڵکو نیشاندانی ویستی چارەسەری دیموکراسییانەیە. ئەوان لەپێناو ئەوە خەباتیان کرد، چونکە باوەڕیان وابوو ئەو داهاتووە گونجاوە کە گەلان بە یەکەوە و بە ئازادی تێیدا دەژین."
 
لەبارەی ئەوەی کە ئەرکی لایەنەکان لە پرۆسەی چارەسەریدا چییە؟ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاند: "ئەرکی ئەمڕۆمان ئەوەیە ئەم پاشخانە مێژووییە بە ئاشتی بڕازێنینەوە و لەسەر بنەمای تەبایی دیموکراسی، دەرگەی قۆناخێکی نوێ بکەینەوە. رێزی راستەقینە، رێگریگرتنە لە زیانی نوێ. یادکردنەوەی راستەقینە، گەیاندنی خەباتە بە ئاستێکی پێشکەوتووتر، هۆشیارانەتر و ژیاندۆستانەتر".
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاندووە: "بەو هەست و بەرپرسیارییەوە، سەری رێز لەبەردەم یادی هەموو شەهیدانی خەبات دادەنەوێنم و بە رێز و خۆشەویستییەکی بێپایانەوە سڵاو لە کەسوکاریان دەکەم".
 
کۆنگرەی کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانیی کەسوکاری ئەوانەی نزیکەکانیان لەدەستداوە لە ئەنادۆڵ (ئانکا-دەر)، بە هەڵپەڕکێ و پیرۆزبایی کۆتاییهات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق

دامەزرێنەری گووگڵ کراودسۆرس: نووسین بە فۆنتی کۆن زیانێکی گەورە بە پاشەڕۆژی زمانی کوردی دەگەیێنێت

لەکاتێکدا جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی پاراستنی زمان تەنیا لە رێگەی ئاخاوتنەوە نییە، بەڵکو دەبێت زمانەکە لە جیهانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پاشەڕۆژی زمانی کوردی بەندە بە بوونی داتای پێویست لەسەر ئینتەرنێت."