رووداو دیجیتاڵ
لە کۆیە قوتابییەک لەکاتی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم نەخۆشدەکەوێت و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر دەبرێتە نەخۆشخانەی هیوا، بۆیە تاقیکردنەوەی دوو وانەی وەرزی یەکەمی لەدەستدەچێت، ئەوەش نیگەرانی کردبوو. بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیەش دەڵێت، "بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی، پرسیاری تاقیکردنەوەکەمان بۆ بردە نەخۆشخانە."
رۆژی یەکشەممە 22-1-2023، شەهێن عوسمان، بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، توانا سابیر قوتابیی پۆلی 11ـی ئامادەییە لە قوتابخانەی ھیوای کوڕان لە کۆیە، دوای ئەوەی نەخۆشدەکەوێت لە 22ی کانوونی یەکەمی 2022 براوەتە نەخۆشخانەی هیوا بۆیە دوو تاقیکردنەوەی لە وانەکانی پەروەردەی ئیسلامی و فیزیا نەکردووە.
شەهێن عوسمان دەڵێت، باوکی توانا سەردانی کردوون و داوای لێکردوون پرسیاری هەردوو تاقیکردنەوەکەی بۆ ببەن بۆ نەخۆشخانە بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەکانی بکات، چونکە دوورکەوتنەوە لە تاقیکردنەوەکانی لەو کاتەدا نیگەرانی کردووە و "بەردەوام پرسیاری لەبارەوە دەکات."
پەروەردەی کۆیە دوای ئەوەی راوێژیان بە وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان کردووە پێ راگەیاندوون، دەتوانن پرسیاری تاقیکردنەوەکان بۆ توانا ببەنە نەخۆشخانەی هیوا. بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە گوتی، دوای ئەو راوێژە رۆژی یەکشەممە، 22-1-2023 "بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەزموونەکان سەردانی قوتابییەکەمان کرد و لە نەخۆشخانە وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە."
توانا، وەکو بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە باسی کرد، "خوێندکارێکی زۆر زیرەک بووە و حەزی بە خوێندن بووە، سەرەڕای ئەوەی نەخۆش بووە، بەڵام وەڵامی پرسیارەکانیشی زۆر بەباشی داوەتەوە و پێی گوتین، 'ئێستا زۆر ئاسوودەم'."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، توانا لەکاتی یاریکردن لەگەڵ هاوڕێکانی گوشاری خوێنی دابەزیوە و کاتێک پشکنینیان بۆکردووە، دەرکەوتووە نەخۆشە و بۆ نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی گوێزراوەتەوە.
قوتابییەک لە کۆیە لەکاتی تاقیکردنەوەکان نەخۆش دەکەوێت و ناتوانێت تاقیکردنەوە لە بابەتی پەروەردەی ئیسلامی و فیزیا ئەنجام بدات و گوتبووی "نائاسوودەم " وەزیری پەروەردە دەڵێت، پرسیارەکانیان بۆ بردووە بۆ نەخۆشخانەی هیوا و لەوێ تاقیکردنەوەکەی ئەنجام داوە. pic.twitter.com/B9OLD7nDpI
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 22, 2023
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ