کوردستان
دیمەنێکی بەفر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران. وێنە: پەیجی فەیسبووکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران/ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کاریگەریی شەپۆلێکی بەهێزی بەفر و باران، بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی لە سۆران و دهۆک هۆشداریی تووند دەدەنە هاونیشتمانییان و گەشتیاران؛ داوا دەکەن بۆ پاراستنی گیانیان، لە رووبارەکان دووربکەونەوە و تەنیا بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نەیەنە دەرەوە.
رۆژی یەکشەممە 22ـی ئاداری 2026، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی ناوچەکە و بەردەوامیی بارانبارین، مەترسییەکی زۆر لەسەر رێگاکان دروست بووە. داوا لە گەشتیاران دەکەین لەم چەند رۆژەدا بە هیچ شێوەیەک سەردانی ناوچە شاخاوییە سەختەکان نەکەن."
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، ئاستی ئاوی رووبار و دەریاچەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە، ئەمەش مەترسیی دروستکردووە، بۆیە پێویستە هاونیشتمانییان لێیان نزیک نەبنەوە. باسی لەوەشکرد کرد کە تیمەکانیان لە ئامادەی تەواودان و گوتی: "7 تیمی هاوبەشمان بە شێوەی 24 کاژێری خراونەتە حاڵەتی ئامادەییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێکی نەخوازراو."
بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە رووداوی گوت، بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمشەو بارانێکی بەخوڕ ناوچەکە دەگرێتەوە و مەترسیی دروستبوونی لافاو لە زۆربەی شوێنەکان هەیە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک پەیامێکی ئاراستەی دانیشتووانی پارێزگاکە کرد و گوتی: "بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆتان و خێزانەکانتان، داواکارین ئەگەر کارێکی زۆر زەروور و پێویستان نەبێت، لە ماڵەکانتان مەینە دەرەوە و خۆتان لەو شوێنانە بەدوور بگرن کە ئەگەری کۆبوونەوەی ئاو و لافاویان لێ دەکرێت."
ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدایە، کە لە هەفتەی رابردووەوە شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستانی گرتەوە و بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسان، تاوەکو کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم وەرزەی بارین تاوەکو ئەمڕۆ لە هەولێر 477.9 ملیمەتر باران باریوە، لە سلێمانی 760.4 ملیمەتر، لە دهۆک 592.5 ملیمەتر و لە هەڵەبجە 744 ملیمەتر باران باریوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ