رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارینی چەند رۆژی رابردووەوە گۆمێکی دەستکردی ئاو لە سنووری چەمچەماڵ پڕ بووە و سەرڕێژی کردووە، ئەوەش بووەتەهۆی دروستبوونی قوڕ و لیتەیەکی زۆر لەسەر رێگەی گوندی (گورگەیی شامار) و ئاستەنگی هاتووچۆی بۆ دانیشتووانی گوندەکە و ژمارەیەک گوندی دیکەی ناوچەکە دروستکردووە.
دانیشتووانی گوندی گورگەیی شامار لە سنووری چەمچەماڵ بە رووداویان راگەیاند، بەهۆی قوڕ و لیتەی باراناوەوە کە بەهۆی سەررێژبوونی گۆمەکەوە دروستبووە، ئاستەنگی زۆر دروستبووە و دەرفەتی هاتووچۆکردنیان نەماوە.
ئەو هاونیشتمانییانە ئاماژەیان بەوەش کرد کە کارگێڕیی چەمچەماڵ ئاگاداری کێشەکەن و بەڵێنیان داوە چارەسەری بکەن.
لەو بارەیەوە ئاسۆ بەکر، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "گۆمە دەستکردەکە پڕ بووە و ئاوەکەی سەرڕێژی کردووە، بەو هۆیەوە قوڕ و لیتە چووەتە سەر رێگەکە و رێگەی ژمارەیەک گوند".
ئاسۆ بەکر گوتی، ئێستا لەگەڵ کەمبوونەوەی بارانەکە ئاوەکەش بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.
قایمقامی چەمچەماڵ گوتی: "ئەمڕۆ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی چەمچەماڵ رادەسپێردرێن ئەو رێگەیە پاکبکەنەوە و لە هەرشوێنێکش ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانییان دروست ببێت، تیمەکان بەزوویی هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ