رووداو - هەولێر
بەهۆی کێشەی نێوان دوو خێزان لە شارۆچکەی کەلەکچی سەر بە قەزای شێخان، پێنج کەس کوژراون و 23 کەسیش دەستگیرکراون، بەوهۆیەوە 40 منداڵ بێباوک بوون.
ئەو 23 کەسەی دەستگیرکراون لە خێزانێکن و تۆمەتەکەیان کوشتنی دوو کەسە کە هاوکات لە خێزانەکەی خۆیشیان دوو کەسی دیکە کوژراون. کەسێکی دیکەش کە سەر بە هیچ لایەکیان نییە لەو نێوەندەدا کوژراوە.
شەڕ و ناکۆکی نێوان ئەو دوو خێزانە چوار ساڵە بەردەوامە و بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە سەری هەڵداوە. لە 10ـی ئەم مانگە ئەو کەسانە لەلایەن پۆلیسی دهۆکەوە دەسیگیرکراون.
زیاد عوسمان، کەسوکاری ئەوانەیە کە "بکوژن" و دەڵێت، "کوشتن چارەسەر نییە، دەبێت رێککەوتن و پێکهاتن بکەین، داوا لە ریشسپییانی هەردوولا دەکەین بگەنە رێککەوتن".
بەهۆی کوژرانی ئەو پێنج کەسە و دەستگیرکردنی 23 کەسی دیکە، 11 ئافرەت بێهاوژین ماونەتەوە و 40 منداڵیش لە نازی باوکیان بێبەشن.
کەسوکاری ئەو کەسەی کە سەر بە هیچ خێزانێکیان نییە و کوژراوە رەتیدەکەنەوە سکاڵا لەسەر هیچ لایەک تۆماربکەن و دەڵێن، ئاشتەواییان راگەیاندووە.
سەردار یەحیا، قایمقامی قەزای شێخانیش دەڵێت، ئەوانەی دەستگیرکراون "تاوانبارن و دەبێت دادگا ئەو کەیسە یەکلابکاتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ