گوتەبێژی حکومەتی عێراق بۆ رووداو: زیاتر لە 22 رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەگەڵ تورکیا وژاۆ دەکەین

22-04-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 22 رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لە سەردانى سەرۆککۆمارى تورکیا بۆ عێراق لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ دەکرێن. گوتەبێژى حکومەتى عێراق دەڵێت، لەو سەردانەدا تاوتوێى چوار دۆسیە دەکرێن.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا بۆ یەکەمجار لەدواى 13 ساڵ وەکو یەکەمین سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە سەردانى عێراق دەکات. باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لەو سەردانەدا تاوتوێى دۆسیەکانى ئاو، رێگەى گەشەپێدان، ئابوورى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى، ئاسایش دەکرێن."
 
سەرۆککۆمارى تورکیا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق چەند رێککەوتن و یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن. بە گوتەى باسم عەوادى، دوو رێککەوتنى ستراتیژى، کە یەکێکیان تایبەتە بە دۆسیەى ئاو، لەگەڵ زیاتر لە 20 یاداشتى لێکتێگەشتن لە چەندین بواردا واژۆ دەکەن.
 
دیارترین پرسە هەڵپەسێردراوەکان لەنێوان بەغدا و ئەنقەرە، بڕى ئاوى دیجلە و فوراتی بەردراوە بۆ نێو عێراق و دۆسیەى ئاسایشى سنوورە.
 
گوتەبێژى حکومەتى عێراق باسی لەوە کرد، سەرۆکوەزیران لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانى هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆککۆمارى تورکیا وردەکاریى رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان ئاشکرا دەکات.
 
رێگەى گەشەپێدان یەکێکى دیکەیە لەو پرسانەى رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ بەرپرسانى عێراق تاوتوێى دەکات. پڕۆژەکە لە بەندەرى فاو لە بەسرە دەستپێدەکات و دەچێتە تورکیاوە، کە لە دوو هێڵى گواستنەوەى بازرگانى و گەشتیاریى شەمەندەفەر و وشکانی پێکهاتووە.
 
لەبارەی گرنگیی سەردانەکە، باسم عەوادى ئەوەی خستەڕوو، "گرنگیى ئەو سەردانە لەو دۆسیانەدایە کە تاوتوێ دەکرێن و پێشتر ئامادەکارى کراوە."
 
قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى ساڵانەى نێوان عێراق و تورکیا زیاتر لە 15 ملیار دۆلارە، وەزارەتى دەرەوەى تورکیا پێشبیی کردووە، بۆ ساڵى 2030 قەبارەکەى بگاتە 20 ملیار دۆلار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

قوباد تاڵەبانی: لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ و هەموو کوردستان دەکەم

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکات و دەڵێت، "بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهاندا، شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ و وەرزشی کوردستان و بۆ هەموو خەڵکی کوردستان".