مەسرور بارزانی: ئازادیی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان کەم وێنەیە و ناحەزان هەوڵی خراپ بەکارهێنانی دەدەن

22-04-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
مەسرور بارزانی گوتارەکەی پێشکێش دەکات
مەسرور بارزانی گوتارەکەی پێشکێش دەکات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند 'ئازادیی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان کەم وێنەیە لە ناوچەکەدا و ناحەزانی هەرێمی کوردستان هەوڵی خراپ بەکارهێنانی دەدەن."
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیداری نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کاری رۆژنامەنووسی، ئەمڕۆ وتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند "جێی خۆشحاڵییە هەرێمی کوردستان خاوەن یاسایەکی پێشکەوتووی رۆژنامەوانییە، بەو هۆیەوە کاری رۆژنامەوانی و ئازادیی رادەربڕین گەشەیەکی زۆر باشی کردووە."
 
دیداری نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کاری رۆژنامەنووسی لەلایەن سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسان رێکخراوە. دیدارەکە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادەکانی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی، دەرچوونی رۆژنامەی کوردستان و دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان.
 
سەرۆکی حکومەت لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا لە هەرێمی كوردستان، کاری میدیایی بە تەواوی ئازادە و حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە رەخساندنی زەمینە و ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری رۆژنامەوانی و ئازادیی رادەبڕین لە چوارچێوەی یاسادا. 
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ "ئازادیی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێک کە ناحەزانی هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵی خراپ بەکارهێنانی ئەو ئازادییە دەدەن، کە لە ناوچەکەدا کەم وێنەیە."
 
 
دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: 
 
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان 
ئامادەبووانی بەڕێز 
میوانانی هێژا 
 
خۆشحاڵم کە لەم دیدارە رۆژنامەنووسییەدا لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم. بەتایبەتی بەخێرهاتنی هەموو ئەو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارە بەڕێزانە دەکەم کە لە وڵاتانی جیهانەوە بۆ بەشداریکردن لەم دیدارە هاتوون. هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و ئومێدەوارم ئەنجام و ڕاسپاردەکانی ئەم دیدارە، لە خزمەتی پێشخستنی کاری ڕۆژنامەنووسیدا بێت.
 
هەروەها بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنیان بۆ دەخوازم.
 
حکومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵی گرنگی ڕۆژنامەنووسان و پیشەی ڕۆژنامەوانیی دەڕوانێت کە بە شێوەیەکی پیشەییانە و بەرپرسیارانە ئەرک و پەیامی ڕاستەقینەی خۆیان لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و ئیتیکی ڕۆژنامەوانیی و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بە جێبگەیەنن، بەتایبەتی لە بواری هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاریی ڕاست و دروست و دەستنیشانکردنی کەموکورتی و پێشێلکارییەکان و پشتگیریکردنی پرۆسەی چاکسازی. بەم شێوەیەش ڕاگەیاندنکاران وەک دەسەڵاتی چوارەم، یارمەتیدەرێکی گرنگی دامەزراوەکانی حکومەتن و بەیەکەوە کار بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنی وڵات دەکەن. 
 
لە هەرێمی كوردستان کاری میدیایی بە تەواوی ئازادە و حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە ڕەخساندنی زەمینە و ژینگەیەکی لەبار بۆ کاری ڕۆژنامەوانیی و ئازادیی ڕادەبڕین لە چوارچێوەی یاسادا. 
 
جێی خۆشحاڵییە کە هەرێمی کوردستان خاوەنی یاسایەکی پێشکەوتووی ڕۆژنامەوانییە و بەهۆیەوە، کاری ڕۆژنامەوانیی و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان، گەشەیەکی زۆر باشی کردووە. 
 
ئازادی ڕۆژنامەگەری لە کوردستان، گەیشتووەتە ئاستێک کە ناحەزانی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەوڵی خراپ بەکارهێنانی ئەو ئازادیەن کە لە ناوچەکە کەم وێنەیە، ئەمەش بۆ لێدان لە بنەماکانی دیموکراسی و قەوارەی کوردستان کە بە ناوی ڕۆژنامەگەرییەوە، خەڵکانێک دژایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
 
داواکارم لە ڕۆژنامەنووسانی بەڕێز و سەندیکا و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسان، ڕێگە نەدەن ئەم پیشە گرنگە، ببێتە سەکۆیەک بە خراپ بەکارهێنانی ئازادیی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین.
 
دەستخۆشی لە لیژنەی جێندەری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان دەکەم بۆ هەڵبژاردنی هەولێر بۆ ئەنجامدانی ئەم دیدارە. هیوادارم ئەم هەنگاوە ببێتە دەرفەتێک بۆ ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش لە گەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان. 
 
سەبارەت بە بابەتی سەرەکیی ئەم دیدارەش، کە تایبەتە بە پاراستنی ئافرەتانی رۆژنامەنووس لە جیاکاریی ڕەگەزی و جێندەری، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەماهەنگی و هاوکاریی پێویست لەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ نەهێشتنی هەموو کێشە و ئاستەنگ و بەربەستەکان لە بەردەم ئافرەتانی ڕۆژنامەنووس و نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژیی و جیاکارییەک کە بەرامبەریان دەکرێت. لەمبارەیەوە هەرچی پێویست بێت لە سەر حکومەت ئەنجامی دەدات بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو بەربەست و ئاستەنگەکان لەبەردەم ئافرەتانی ڕۆژنامەنووس بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکەکانیان بە شێوەیەکی پیشەییانە ئەنجام بدەن. 
 
لە کۆتاییدا دووبارە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان پیرۆز بێت و هیوای سەرکەوتن بۆ کارەکانی ئەم دیدارە دەخوازم. 
 
هەر شاد وسەرکەوتووبن
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە