رووداو دیجیتاڵ
لە زانکۆی سلێمانی چالاکیی رۆژی جیهانیی زمانی چینی بەڕێوەچوو، تێیدا نمایشی ئەو هونەر و میوزیک و کارانە کران کە چینین و لە سلێمانی گرنگییان پێدەدرێت؛ منداڵان و رێکخراوەکانی کۆنفۆشاوڵین و هونەرە جەنگییەکان بەشێک بوون لە چالاکییەکانی رۆژی زمانی چینی.
ئاریا کاوان، قوتابی گوتی، "فێری چەند شتێکی زمانی چینی بووم، بۆ نموونە دەزانم بڵێ: سڵاو مامۆستا، سوپاس. ژمارە یەک تاوەکو 10یش بە چینی فێر بووم."
بوورهان کامیل، راهێنەری رێکخراوی کۆنفۆشاوڵین دەڵێت، "ئەم جۆرە چالاکییانە زۆر گرنگن. کولتووری چین نزیکە لە کوردەوە، دڵ سافی و کۆمەڵایەتی و سرووشتەکەیان لە کورد دەکات."
خواردنی چینی و جۆرەکانی بەشێک بوون لە چالاکییەکان، کە چەند جۆرێک خواردنی چینی نمایش کران و ئەوانەی بۆ ئاشنا بوون بە کولتوور و زمانی وڵاتەکە هاتبوون، تامیان کرد و چێژیان لێبینی.
دییە مازن، خوێندکار باسی لەوە کرد، "خواردنەکانیان جیاوازە، مریشکەکەیان وەکو چپس لێکردووە و تامی جیاوازە. ئەو خواردنە هەویرکاریی هەیە و بە هەڵم کوڵاندوویانە."
باوەڕ سەردار، یاریدەدەری پزیشکی بێهۆشکار گوتی، "خواردنەکانیان زۆر خۆشە، ئەوەی سەرنجم دا رۆن و خوێ بەکارناهێنن، خواردنەکانیان بەلای کوڵان و شرینیدا دەڕۆن."
نووسینی چینی و ئامێرە میوزیکییەکان و کاری دەستی و هونەری چینی لەلایەن مامۆستا و خوێندکارانی بەشی زمانی چینیی زانکۆی سەڵاحەدین، بۆ خوێندکارانی سلێمانی نمایش کران.
هو، مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین گوتی، "زمانی کوردی زۆر خۆشە، من زۆرم حەز لێیەتی، زۆر شتمان لەگەڵ کورد لەیەک دەکات، لەوانە پیاز هەمان شتە."
فەرید دڵشاد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەنتەری لێکۆڵینەوەی چین گوتی، "دەتوانین بەهۆی زمانەوە پەیوەندیی بەهێز دروستبکەین، بەتایبەت چین کە ئێستا وڵاتێکی زلهێز و گرنگە بۆ ناوچەکە."
لە زانکۆی سلێمانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی چین هەیە، لەو سەنتەرە ئارەزوومەندانی فێربوونی زمانی چینی وانەی تایبەت وەردەگرن، گۆڤاری "چین ناسی" بڵاودەکرێتەوە و کتێبخانەیەکی تایبەتیشیان بۆ کتێبە چینییەکان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ