کارەکانی پڕۆژەی 'هەژماری من' بەمنزیکانە لە سلێمانی دەستپێدەکاتەوە

22-04-2025
پێشەوا بەختیار
چەند ئامێرێکی ئەی تی ئێم. وێنە: رووداو
چەند ئامێرێکی ئەی تی ئێم. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پڕۆژەی 'هەژماری من' وەرگرتنی مووچەی ئاسان کردووە و 750 هەزار کەس تۆمار کراون. خەڵک بەگشتی پێیان باشە، بەڵام داوای گەرەنتی دەکەن، کارەکانی پڕۆژەکەش لە سلێمانی بڕیارە بەمزووانە دەستپێبکاتەوە.
 
کامەران پێشمەرگەیە لە گەرمیان، 8 مانگە سوودمەندی پڕۆژەی "هەژماری من"ە، رۆتین و نۆرەی دوورودرێژی وەرگرتنی مووچەی مانگانەی، گۆڕاوە بۆ راکێشانی پارە لە ئامێرێکی پارەدان لە چەند خولەکێک و هەرکات بیەوێت. ئەو دەڵێت، "لەڕێگەی هەژماری منەوە مووچە وەردەگرم، یەک کێشەم نییە. هەرکات بێت، شەو بێت یان رۆژ، بێ کێشە دەچم وەریدەگرم."
 
بەبانکیکردنی مووچە، لەنێو خەڵک را و بۆچوونی زۆری لەسەرە، هەمووان بەبانکیکردن بە باش دەزانن، بەڵام هەریەکەو مەرج و خواستێکی هەیە. لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشێک لە داواکان جێبەجێ کراون، لەوانەش گواستنەوەی بەبانکیکردنی مووچە بۆسەر وەزارەتی دارایی.
 
نێچیرڤان ئەبوبەکر، فەرمانبەر دەڵێت، "بەبانکیکردن پێویستی بە گەرەنتییە، گەر گەرەنتی هەبێت، شتێکی باشە." محەممەد سدیق، خانەنشین باس لەوە دەکات، "دەچین لە ژێرزەمینێک مووچە وەردەگرین، نازانین تەوتینە یان هەژماری من، هیچیان نییە، بەڵام وەکو خۆم، تەوتینم پێ باشترە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی سلێمانی 976 فەرمانبەری هەیە، هەموویان بۆ بەبانکیکردنی مووچەکانیان تۆمار کراون، نیوەشیان ماستەر کارتی بانکیان بۆ گەڕاوەتەوە و هیچ رێنوێنیی نوێیان لەسەر بەبانکیکردن پێنەگەیشتووە.
 
فەرەیدوون عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ژمێریاریی گشتیی رۆشنبیریی سلێمانی رایگەیاند، "هیچ رێنوێنییەکی تازە بۆ بەبانکیکردن نەهاتووە، هەر ئەوەیە کە لە تەلەڤیزیۆنەوە بیستراون. بانکەکە زۆر باشترە، چونکە لیژنەی مووچە کە پارە دەهێنن، کەمی هەیە یان هەڵەیەک رووبدات دەبێت لە حسابی خۆیان بیخەنەوە سەری."
 
لە سلێمانی، تاوەکو ئێستا تیمەکانی 'هەژماری من' نەگەڕاونەتە سەر کارەکانیان، بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا و دوای رێککەوتنی پارتی و یەکێتی، کارەکانیان دەستپێبکەنەوە، لە پڕۆژەی 'هەژماری من' تاوەکو ئێستا 750 هەزار مووچەخۆر تۆمار کراون و 600 ئامێری راکێشانی پارەیش دانراون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە