رووداو دیجیتاڵ
لەکۆتایی ساڵی رابردوو ژمارەیەک فەرمانبەر بەشێوەی گرێبەست لە سەر وەزارەتە جیاوازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون، بەڵام نزیکەی هەشت مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، 19ی ئاداری رابردوو ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی راسپاردووە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە، بەڵام چارەسەر نەبووە.
بەشێک لەو فەرمانبەرانەی پەیوەندییان بە رادیۆی رووداو کردووە، دەڵێن، "لە مانگی ئەیلوولی رابردووەوە وەکو فەرمانبەری گرێبەست دەستبەکاربووین و دەوام دەکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەمان بۆ جەرج نەکراوە."
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "نزیکەی 200 فەرمانبەرمان هەن کە گرێبەستن و لە ناوەڕاست و کۆتایی پار دامەزراون، لەکاتی ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا، ناوی گرێبەستە نوێیەکان دەرهێنرا."
ئەو فەرمانبەرانەی پەیوەندییان بە رادیۆی رووداوەوە کردووە، نیگەرانن لەوەی کە ماوەی هەشت مانگە کاردەکەن بێ ئەوەی هیچ مووچەیەکیان وەرگرتبێت، لەکاتێکدا خێزاندارن و لە دۆخێکی سەختدا دەژین.
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەکرد: "لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە مانگی رابردوو، بڕیاردرا بابەتی مووچەی ئەو فەرمانبەرانە لە داهاتی ناوخۆ دابین بکرێت."
بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە 19ی ئاداری 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپێردراوە "کاری پێویست بۆ دابینکردنی مووچە و چارەسەرکردنی گرفتی خەرجنەکردنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانە بکات."
گوتەبێژی وەزارەتی کار دڵنیایی دا کە "ئێستا بابەتەکە لە وەزارەتی داراییە و بڕیار وایە بە زوویی چارەسەر بکرێت، چونکە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە."
پێشتریش بەشێک لەو فەرمانبەرانەی وەکو پۆلیس بەشێوەی گرێبەست لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ دامەزرابوون، لەرێگەی رووداوەوە گلەیی ئەوەیان کرد، سەرەڕایی دامەزارندنیان بەشێوەی گرێبەست، بەڵام مووچەیان بۆ خەرج نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ