گەنجێک دوای 12 رۆژ گەڕانەوەی لە بەریتانیا، لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەستدا

22-05-2025
سازگار سەڵاح
نوێژکردن لەسەر تەرمی گەنجەکە
نوێژکردن لەسەر تەرمی گەنجەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی پێنجشەممە لەسەر رێگەی قەلبەزە لە سنووری شارەزوور رووداوێکی هاتووچۆ روویدا و بەهۆیەوە گەنجێک گیانی لەدەستدا و دوو سەرنشینی دیکەش برینداربوون.
 
ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە ناوی بڵند فوئادە و تەمەنی 18 ساڵە. بڵند ماوەی تەنیا 12 رۆژ بوو کە بەتەنیا لە بەریتانیاوە بۆ سەردانیکردنی خزم و کەسوکاری گەڕابووەوە کوردستان.
 
مستەفا ئەحمەد، خاڵی بڵند، دەڵێت: "کاژێر لە دەوروبەری 04:00ـی بەیانی بوو، خۆی و دوو هاوڕێی بوون. من چارەکێک بۆ 05ـی بەیانی تەلەفۆنیان بۆ کردم گوتیان وەرن. کە رۆیشتین، خۆی و دوو هاوڕێکەی بوون، خۆی گیانی لەدەستدابوو. ئۆتۆمبێلەکەی، هەر پێم وایە خێراییەکەی زۆر بووە و کۆنترۆڵی لەدەستداوە، کەوتووەتە ناو ئەو گەنمە. ئەمانە پارچەی ئۆتۆمبێلەکەن."
 
خێزانەکەی بڵند ماوەی سێ ساڵە لە بەریتانیا نیشتەجێن، بەڵام بەهۆی کتوپڕی رووداوەکە و رێکارەکان، تەرمی بڵند بەبێ ئامادەبوونی دوو خوشک و براکەی لە گۆڕستانی حاسڵ لە شارەزوور بە خاک سپێردرا.
 
ئەرشەد حمەشەریف، شۆفێری ئەو ئەمبوڵانسەی تەرمەکەی گواستووەتەوە، باس لەوە دەکات: "کاژێر 04:30 خولەکی بوو تەلەفۆنیان بۆ کردم، خەبەرەکەیان پێدام. من ئەمبوڵانسی خێرام پێیە. گوتیان تەرمێک هەیە لە نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ، بیگەیێنینە پزیشکی دادی سلێمانی. دوای رێکارەکان، گەڕاندمانەوە بۆ مزگەوتی دەروازە. دوو بریندارەکەش رەوانەی فریاکەوتن کران."
 
بریندارەکانی رووداوەکە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شار لە سلێمانی لەژێر چاودێریی پزیشکیدان. هاوکات پۆلیسی هاتووچۆش پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە بەمەبەستی زانینی هۆکاری سەرەکیی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە