دوا پێکەنین و گۆڕانی سەیران بۆ ماتەم؛ گیانلەدەستدانی سێ گەنجی گەرمیان بە رووداوی هاتووچۆ

23-05-2025
هونەر حەمید
وێنەی دوو لە گەنجەکان چەند خولەکێک پێش رووداوەکە و شوێنی رووداوەکە
وێنەی دوو لە گەنجەکان چەند خولەکێک پێش رووداوەکە و شوێنی رووداوەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئێوارەی رۆژی 22ی ئایار لە رێگەی نێوان کەلار - دەربەندیخان لەنزیک گوندی قولەبەرز ئۆتۆمبێلێکی جۆری کراون، ناسراو بە مەلیکە، بە چوار سەرنشینەوە تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوون و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و شۆفێرەکەش بریندارە، کە سەرجەمیان گەنج بوون.
 
ئەو چوار گەنجە چەند خولەکێک پێش رووداوەکە و گیانلەدەستدانی سیانیان، ڤیدیۆیەکی خۆیان تۆمارکردووە.
 
عەبدوڵڵا حوسێن یەکەم کەس بووە رووداوەکەی بینیوە و چووەتە سەر ئۆتۆمبێلەکە، بە رووداوی گوت، "چوومە تەنیشت ئۆتۆمبێلەکە، سەیردەکەم 4 تەرم کەتبوون، رام کرد و یەکێکیانم رزگار کرد، دوو پیاو هاتنە تەنیشتم و ئەوەیان کە قاچی سووتابوو رزگاریان کرد، هەر چواریانمان رزگار کرد، بەڵام بەداخەوە کاک هونەر، گوناحە گەنجەکانمان ئاوایان لێبێت."
 
میران ساڵح 24 ساڵ، یوسف ئەکرەم 20 ساڵ و شەهیاد هیوا 19 ساڵ، کە یاریزانی یانەی شێروانە و پاڵەوانی موای تای بوو لە عێراق، گیانیان لەدەستداوە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش بریندار بووە.
 
ئیبراهیم محەممەد، ئامۆزای یەکێک لە گەنجەکان باسی رووداوەکە و پێش رۆیشتنیانی بۆ رووداو کرد و گوتی، "بۆ سەیران چوون، ئەمانە دووانیان ئامۆزان، دوانیان هاوڕێن و هەر چواریان هاوڕێن."
 
خالید ئیسماعیل، پورزای یەکێک لە گەنجەکان ئاماژەی بەوە کرد، "لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان کار دەکەن، ئەمڕۆ کە پێنجشەممەیە رۆشتوون بۆ سەیران، بۆیە قەدەری خوا بووە لە ماڵ دەرچوون ئەمەیان تووشبووە."
 
شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بریندارە و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی سليمانی کراوە، پۆلیسی هاتووچۆی گەرمیان پەڕاوی لێکۆڵینەوەی لەسەر رووداوەکە کردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆلاری ئەمریکی. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

لە هەولێر سیستمی ئاڵوگۆڕی دۆلار دەگۆڕێت؛ "دۆلاری سپی" کەم دەکرێتەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر رایگەیاند، لە ئەمڕۆ سێشەممەوە بڕیارێکی نوێ بۆ رێکخستنەوەی جۆری دۆلار لە بازاڕ جێبەجێ دەکرێت و رێژەی دۆلاری سپی لە مامەڵەکاندا بۆ 28٪ کەم دەکرێتەوە.