رووداو دیجیتاڵ
پارێزەری بکوژی ئاری چایچی رایگەیاند، ئەمڕۆ دادگەی تاوانەکانی سلێمانی بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ بکوژ دەرکرد.
رۆژی پێنجشەممە، 22ـی ئایاری 2025، هەرێم عەتا، کە پارێزەری تۆمەتبارەکەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ بەیانی دانیشتنی دادگە بەڕێوەچوو، بڕیاری لە سێدارەدان بۆ تۆمەتبار دەرچوو."
ئەو پارێزەرە دەڵێت، ئەوان بەردەوام دەبن لە رێکارە یاساییەکان و لە دادگەی پێداچوونەوە تانە لە بڕیارەکە دەدەن و داوای کەمکردنەوەی سزاکەی دەکەن.
شەوی 27-7-2024، رووداوێکی تەقەکردن لە سلێمانی روویدا، کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەش بە گوللە بریندار بوو. کوژراوەکە ناوی ئاری رزگارە و پیشەی چایچی بووە.
رووداوی تەقەکردنەکە لە گەڕەکی راپەڕین روویدا، لە شوێنێک کە پێی دەگوترێت شوێنی لەفەفرۆشەکان.
رۆژی دواتر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "پاش ئەوەی کاژێر 9:30ـی شەوی 27-7-2024 لە گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی دروست دەبێت، بەداخەوە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی کاسبکارێک، راستەوخۆ هێزەکانی ئاسایش گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و تۆمەتبار دەستگیرکرا، هاوەڵەکەشی لەلایەن هێزەکانی کۆماندۆی کوردستانەوە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی بکوژەکە، رادەستی دەزگای ئاسایش کرا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ