لە هەرێمی کوردستان پلەی گەرما 15 پلە دابەزیوە؛ فێنکی تاوەکو کەی بەردەوام دەبێ؟

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی خشتەیەک کە پلەی گەرمای پێنج ساڵی تێدا بڵاوکراوەتەوە، پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە پێنج ساڵ لەمەوبەر، بەگوێرەی شارەکان 10 بۆ 16 پلەی سیلیزی دابەزیوە. ئامادەکاری خشتەکە دەڵێ، "مانای ئەوەنییە هاوینێکی فێنکمان دەبێت".
 
بەگوێرەی خشتەکە، 21ـی ئایاری ساڵی 2021 بۆ دوێنێ 21ـی ئایاری 2026، پلەی گەرما لە سلێمانی 16 پلەی سیلیزی دابەزیوە، لە دهۆک 14 پلەی سیلیزی، لە هەولێر 13 پلە و لە هەڵەبجە 11 پلەی سیلیزی دابەزیوە.
 
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری پێشووی کەشناسی سلێمانی کە خشتەکەی ئامادە کردووە، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دابەزینی پلەی گەرمای ئەم ساڵ شتێکی دەگمەن و تایبەتە، کە شوێنێکی وەکو سلێمانی بەراورد بە پێنج ساڵ لەمەبەر پلەی گەرمای 16 پلەی سیلیزی دابەزیوە".
 
بەڕێوەبەری پێشووی کەشناسی سلێمانی کە ئێستا خانەنشینە و ئەزموونێکی زۆری لە کەشوهەودا هەیە دەڵێت: "ئەم دابەزینەی پلەی گەرما ئێستا هەیە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، مانای ئەوە نییە کە هاوینێکی فێنکمان دەبێ کە بە چاکەت و قەمسەڵەوە هاتووچۆ بکەین".
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئاسۆ کەمال، "لە مانگی شەشەوە پلەی گەرما بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت و هاوینیش هاوشێوەی ساڵانی پێشوو شەپۆلی گەرمای بەتینی تێدا دەبێ".
 
ئاسۆ کەمال گوتی: "جیهان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە دەناڵێنێت، بێگومان کاریگەری ئەوە لەسەر ناوچەکەی ئێمەش هەیە و لە مانگی حەوتەوە شەپۆلە بەهێزەکانی گەرما ناوچەکەمان دەگرنەوە".
 
دابەزینی پلەی گەرما بەگوێرەی شارەکان:
 
- سلێمانی 21-05-2026 پلەی گەرما 26 پلەی سیلزیی بووە، لە 21-05-2021دا 42 پلە بووە، واتە 16 پلە دابەزیوە
 
- هەولێر 21-05-2026 پلەی گەرما 29 پلەی سیلزیی بووە، لە 21-05-2021دا 42 پلە بووە، واتە 13 پلە دابەزیوە
 
- دهۆك 21-05-2026 پلەی گەرما 26 پلەی سیلزیی بووە، لە 21-05-2021دا 40 پلە بووە، واتە 14 پلە دابەزیوە.
 
- هەڵەبجە 21-05-2026 پلەی گەرما 30 پلەی سیلزیی بووە، لە 21-05-2021دا 41 پلە بووە، واتە 11 پلە دابەزیوە
 
- کەلار 21-05-2026 پلەی گەرما 33 پلەی سیلزیی بووە، لە 21-05-2021دا 43 پلە بووە، واتە 10 پلە دابەزیوە
 
- چەمچەماڵ 21-05-2026 پلەی گەرما 28 پلەی سیلزیی بووە، لە 21-05-2021دا 42 پلە بووە، واتە 14 پلە دابەزیوە.
 
- دەربەندیخان 21-05-2026 پلەی گەرما 28 پلەی سیلزیی بووە، لە 21-05-2021دا 40 پلە بووە، واتە 12 پلە دابەزیوە.
 
- پێنجوێن 21-05-2026 پلەی گەرما 21 پلەی سیلزیی بووە، لە 21-05-2021دا 36 پلە بووە، واتە 15 پلە دابەزیوە.
 
- خەبات 21-05-2026 پلەی گەرما 31 پلەی سیلزیی بووە، لە 21-05-2021دا 44 پلە بووە، واتە 13 پلە دابەزیوە.
 
- حاجی ئۆمەران 21-05-2026 پلەی گەرما 18 پلەی سیلزیی بووە، لە 21-05-2021دا 29 پلە بووە، واتە 11 پلە دابەزیوە.
 
- زاخۆ 21-05-2026 پلەی گەرما 26 پلەی سیلزیی بووە، لە 21-05-2021دا 42 پلە بووە، واتە 16 پلە دابەزیوە.
 
- ئاکرێ 21-05-2026 پلەی گەرما 28 پلەی سیلزیی بووە، لە 21-05-2021دا 40 پلە بووە، واتە 12 پلە دابەزیوە.
 
- ئامێدی 21-05-2026 پلەی گەرما 21 پلەی سیلزیی بووە، لە 21-05-2021دا 37 پلە بووە، واتە  16 پلە دابەزیوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە