رووداو دیجیتاڵ
بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دەرکەوتووە کە ئاوی تانجەڕۆ و قلیاسان لە سلێمانی، یەکێک بوون لە هۆکارە سەرەکییەکانی بڵاوبوونەوەی پەتای سکچوون، رشانەوە و کۆلێرا لە سلێمانی.
تەنیا لە مانگێکدا، 12 ترۆمپا کە ئاوی ئەو دوو چەمەیان پێ فرۆشتووە، لەنێوبراون. رووداو زانیویەتی زیاتر لە 50 ترۆمپای دیکەی ئاو هەن لە سلێمانی کە بەنهێنی کاریان پێدەکرێت و تاوەکو ئێستا دەستیان بەسەردا نەگیراوە.
حوسێن حەسەن، بەڕێوەبەری ترۆمپای ئاوی قلیاسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ئاوانەی ئێمە شیاو نیین بۆ خواردنەوە، لە تانکەرەکانیشمان دەنووسین کە خواردنەوەی شیاو نییە."
نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە سلێمانیش پشتڕاستیکردووەتەوە کە بەکارهێنانی ئاوی هەر دوو چەمی قلیاسان و تانجەڕۆ یەکێک بوون لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی پەتاکە.
نەجمەدین حەسەن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە سلێمانی گوتی: "بەپێی ئەو وێنانەی ئێستا هەن، هۆکارەی ئاوە کە لە رۆژانی رابردوو دوای پشکنین، لایەنە پەیوەندیدارەکان نۆ ترۆمپایان داخست کە وادەکات دڵنیابین هۆکارەکەی ئاوە."
جگە لە ئاوی خواردنەوە، سەوزە یەکێکی دیکەیە لەو خواردنانەی کە بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی پەتاکە دادەنرێت، بەتایبەت ئەوانەی بە ئاوی زێڕاو بەرهەمدەهێندرێن، خاوەنی بەشێک لە کێڵگەکان، بەڵێننامەیان پڕکردووەتەوە کە تاوەکو کۆتایی هاتنی پەتاکە، هیچ لە بەرهەمەکانیان نەخەنە بازاڕەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی لیژنەکانی بەدواداچوونی زیاتر و کاراتر کردووە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی تەواوی پارێزگاکە بکەن.
سامان لەتیف، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی تەندروستیی سلێمانی باسی لەوە کرد: "لیژنەکانمان کارا کردووەتەوە، جاران ئەگەر رۆژانە حەوت نموونەی ئاویان پشکنین کردبێت، ئێستا ژمارەکە زۆر زیاترە، 24 کاژێر تیمەکانمان لە ناو بازاڕ و شوێنەکان دەگەڕێن و لێپرسینەوە دەکەن بۆ ئەو جێگەیانەی کە پابەند نین."
لە 24 کاژێری رابردوودا لە شاری سلێمانی، 482 تووشبووی نوێ تۆمارکراون کە زۆرینەیان دوای وەرگرتنی چارەسەر، نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و لە کەمپەکانیش زیاتر لە 66 تووشبوو تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ