رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لەنێو بازاڕی قەزای چەمچەماڵ تەقە لە گەنجێک کرا و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستدا. قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت: "تەقەکەرەکە ناسراوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان بەدوایدا دەگەڕێن."
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-6-2023، بووە. رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 17:50ی ئێوارەی ئەمڕۆ لەنێو بازاڕ تەقە لە گەنجێک کرا و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.
گەنجە کوژراوەکە، ناوی خواناس وریا نازم گلییە و لەدایکبووی ساڵی 1998ـە، خواناس شانۆکار بووە.
سەبارەت بەو کەسەی تەقەی لە خواناس کردووە، قایمقامی چەمچەماڵ گوتی: "ئەو کەسە ماتۆڕسکیلی پێبووە و بە دەمانچە تەقەی کردووە و هەڵاتووە، بەڵام تۆمەتبار ناسراوەتەوە و ئێستا هێزە ئەمنییەکان لە لێکۆڵینەوەدان بۆ دەستگیرکردنی."
بە گوتەی رەمک رەمەزان، کوژراو و بکوژ، هاوڕێی یەکدین و پێشتر کێشەیەک لە نێوانیاندا هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ