رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازی لە جەژنی قوربان، قایمقامیەتی سلێمانی چەند رێنوێنییەکی نوێی دەرکرد و دەڵێت، "لە رۆژانی جەژندا رێگەنادرێت لە شوێنی فرۆشتنی ئاژەڵدا، ئاژەڵ سەرببڕدرێت."
ماوەیەکە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و لە سنووری هەولێر و سۆران بەتایبەتی بڵاوبووەتەوە، لە سلێمانیش گومانی بڵاوبوونەوەی هەیە. قایمقامیەتی سلێمانی جەخت لەوە دەکاتەوە، "ئەو کەسانەی کاری ئاژەڵداری دەکەن و راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵدا دەکەن مەترسیی زیاتریان لەسەرە و پێویستە خۆپارێزی زۆر بکەن."
ئاماژە بەوەش دەکات، خۆپارێزی لەو نەخۆشییە "زۆر ئاسانە، بەڵام چارەسەرکردنی تووشبووان بەو ڤایرۆسە قورسە، ئێستاش پێداویستیی چارەسەرکردنیش لە ناوەندە تەندروستییەکان کەمن."
سه‌باره‌ت به رێوڕەسمی قوربانیكردن لە جەژنی قورباندا قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، له شاری سلێمانی چەند شوێنێکی دیاریکراوی دوور لە شوێنی نیشتەجێبوون دیاریكراون كه کڕین و فرۆشتنی بە ئاژەڵەوە تێدا دەکرێت، "بەڵام بە هیچ جۆرێک رێگەنادرێت ئاژەڵی تێدا سەرببڕدرێت و بۆ سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵیش کوشتارگەی فەرمی دیاریكراوه و بەدەر لەو کوشتارگەیه رێگه نادرێت لە هیچ شوێنێکی تر ئاژەڵ سەرببڕدرێت."
لەڕووی ئەمنیشەوە، وەکو قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان لە چەند رۆژی پێش جەژن و رۆژانی جەژندا لە هەموو شاردا ئامادەییان دەبێت و "رێگەنادەن هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو دروست ببێت، هه‌روه‌ها هاوكاریی ته‌واوی لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی و تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ته‌ندروستی و ڤێتێرنه‌ری ده‌كه‌ن بۆ ریگریكردن له سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ به‌ده‌ر له رێنوێنییەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ