دوو بەڵگەنامە مەترسییەکی گەورەی سەر دارستانەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکەن

22-06-2024
هۆرڤان رەفعەت
کەمبوونەوەی رووبەری دارستانەکانی هەرێمی کوردستان
کەمبوونەوەی رووبەری دارستانەکانی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دارستانەکانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بوونەتەوە، ساڵ لەدوای ساڵ ژمارەی دارەکان و رووبەری دارستانەکان کەمدەبنەوە.
 
رووپێوییەکی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی عێراق ئاشکرای کردووە، هەرێمی کوردستان ئێستا بەراورد بە 50 ساڵی رابردوو، 50٪ـی دارستانی دەستکرد و 30٪ـی دارستانی سرووشتیی لەدەستداوە.
 
هەڵکەوت عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت "بەپێی دوو بەڵگەنامە کە لەبەردەستماندان، یەکێکیان بۆ ساڵی 1957 دەگەڕێتەوە، شارەزایەکی بواری دارستان لە کوردستان و عێراق (رووپێوییەکی) ئەنجامداوە، رووبەری زەویی دارستانی سرووشتیی هەرێمی کوردستانی بە 5 ملیۆن دۆنم مەزەندە کردووە."
 
هەروەها دەڵێ "بەڵگەنامەی دووەم لە وەزارەتی خۆمان (کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو) رووپێوییەکی زانستییە کە پشتی بە سەتەلایت داتا  بەستووە، رووپێویی دارستانە سرووستییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە و دەرکەوتووە؛ دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆنم دارستانی سرووشتیمان ماوە لە کوردستاندا." 
 
شارەزاییەکی ژینگەش باسی زیانەکانی کەمبوونەوەی رووبەری دارستان دەکات و دەڵێ هۆکارەکان هەر شتێک بن، لێکەوتەی زیانەکانی گەورە دەبن.
 
لوقمان شێروانی، شارەزا لە هۆشیاریی ژینگەیی بە رووداوی گوت "نەمانی دارستانەکان کاریگەریی سامناکە لەسەر ژینگە. کاتێک سەوزایی کەمدەبێتەوە، دوانەئۆکسیدی کاربۆن زۆر دەبێت، ئۆکسجین کەم دەبێتەوە، ئاوی ژێرزەوی بە هەڵم دەبێت، هەموو جۆرە زیندەوەرەکان کەمتر دەبنەوە، چونکە هەمەجۆریی زیندەوەر پێویستیی بە دارستانە و پلەکانی گەرماش نزم نابنەوە، بەڵکو بەرزتر دەبنەوە."
 
چوار ساڵە لەسەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر پرۆژەیەکی هاوبەشی چاندنی یەک ملیۆن داربەڕوو لەلایەن دوو ریکخراوەوە هەیە، تائێستا 300 هەزار دار رووێندراون، بەرپرسانی پڕۆژەکە دەڵێن پاراستنی دارە چێندراوەکان زۆر گرنگترە لە رواندن، بۆیە پلانی تۆکمەیان داناوە بۆ رواندن و پاراستنیشیان.
 
محەممەد یوسف، بەڕێوەبەری پڕۆژەی چاندنی یەک ملیۆن بەڕوو دەڵێ "پڕۆژەکە تەنیا چاندن نییە، بەڵکو شوێنی چاندنەکە سەرەتا دەپارێزین، سیمی دەکەین بۆ ئەوەی زیان بە دارەکان نەگات، لەدوای چاندن، پرۆسەی سەرپەرشتیکردن و ئاودان و چاودێریکردنی دارەکان دەستپێدەکات، تاوەکو دەگاتە قۆناخێک دارەکان پێویستییان بە چاودێریی چڕ نامێنێت، لە کۆتاییشدا رادەستی حکومەت دەکرێت بۆ ئەوەی ببێتە پارک یان شوێنێک کە خەڵک سوودی لێ ببینێت." 
 
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئێستا لە هەرێمی کوردستان رووبەری سەوزایی 12.44٪ـە، بەپێی ستاندارد دەبێت 15 بۆ 25٪ بێت، بۆیە پێویستە لەڕێگەی دروستکردنی دارستانی دەستکرد، قەرەبووی کەمیی سەوزایی و دارستانە سووتاو و زیانبەرکەتووەکان بکرێتەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە