رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سێ شاری هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 3 هەزار و 500 تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە. زۆرترین زبڵ لە هەولێر کۆدەکرێتەوە و رۆژانە 2 هەزار تۆنە؛ لە سلێمانیش زیاتر لە هەزار تۆن و لە دهۆکیش رۆژانە 450 تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە.
بۆ ئەو زبڵەی کۆدەکرێتەوە لە سلێمانی و دهۆک کارگەی ریسایکلین هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە هەولێر، هەڵەبجە و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هیچ کارگەیەکی ریسایکلین بۆ سوود وەرگرتنەوە لە زبڵ نییە.
شارەوانیی هەولێر: رۆژانە 2 هەزار تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە
رۆژی شەممە 22ـی تەمموزی 2023، ژیار جەلال، بەرێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سنووری شارەوانیی هەولێر و شارەوانییەکانی دەوروبەری، رۆژانە نزیکەی 2 هەزار تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە.
ژیار جەلال گوتیشی، تاوەکو ئێستا کارگەی ریسایکلین لە هەولێر نییە و ئەوەی کۆدەکرێتەوە ژێرخاک دەکرێت.
سلێمانی و دهۆک: رۆژانە 1450 تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە
بەگوێرەی بەدوادچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سلێمانی جگە لە پاشماوەی کەرتی تەندروستی و پاشماوەی هەندێک شوێنی تایبەت، شارەوانیی سلێمانی رۆژانە زیاتر لە هەزار تۆن زبڵ و خاشاک لە شارەکەدا کۆدەکاتەوە.
ئاکۆ عەلی، جێگری بەڕێوەبەری شارەوانیی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کارگەی ریسایکلین لە سلێمانی هەیە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ نە بە فەرمی و نە بە گرێبەست لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کار ناکات"؛ گوتیشی، "هەندێک کات کار دەکەن. بەگوێرەی پێداویستی و خواستی خۆیان زبڵ وەردەگرن. زبڵ و خاشاکی سلێمانیش هاوشێوەی شارەکانی دیکە ئەوەی کارگەکە بەکاری نەهێنێت، ژێرخاک دەکرێت."
هاوکات شکار شۆڕش، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای شکار کە پاککردنەوەی بەشێکی سلێمانی و بەتایبەت نێو بازاڕی شارەکەی لە ئەستۆدایە، بە رووداوی گوت، "لە 24 کاژێردا نزیکەی 22 کاژێر کارمەند و ئامێرمان لەکاردان و رۆژانە تەنیا ئێمە 90 بۆ 110 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکەینەوە."
هەروەها ئیسماعیل مستەفا، گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رۆژانە لە شاری دهۆک 450 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکەنەوە؛ گوتیشی، "کارگەیەکی ریسایکلین لە دهۆک هەیە و جگە لە بەشێکی پاشماوە خۆراکییەکان زبڵی هەموو شارەکەی بۆ دەبرێت؛ بەشێکی سەرەکی زبڵی زاخۆش دەبرێتە ئەو کارگەیە."
لە هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین رۆژانە 890 تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە
سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هەڵەبجە رۆژانە نزیکەی 90 تۆن زبڵ لە شارەکەدا کۆدەکرێتەوە و ژێرخاک دەخرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە ئیدارەی راپەڕین رۆژانە زیاتر لە 400 تۆن و لە ئیدارەی گەرمیانیش رۆژانە زیاتر لە 400 تۆن زبڵ لە سنوورەکە کۆدەکرێتەوە.
لە هەرێمی کوردستان کۆکردنەوەی زبڵ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دراوە بە کەرتی تایبەت و هەر شارێک یان زیاتر لەلایەن کۆمپانیایەک یان زیاترەوە زبڵەکەی کۆدەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ