تورکیا و هەپەگە ئاماری شەڕ بڵاودەکەنەوە

22-07-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی پێنج گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەی لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. هەپەگەش دەڵێت، گەریلاکانی پەکەکە 3 سەربازیان کوشتوون و دوو سەربازیان بریندارکردوون. 
 
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 22ی تەممووزی 2023، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوەکردووە کە لە هێرشێکی ئاسمانییدا لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانەوە پێنج گەریلای پەکەکە لە هەرێمی کوردستان کراونەتە ئامانج و بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. 
 
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکی دیکەیدا، گیانلەدەستدانی سەربازێکی لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، دوای ئەوەی سەربازەکە رۆژی 21ی تەممووز لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکدا بە سەختی بریندار ببوو، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەیەکی تورکیا گیانی لەدەستدا. 
 
رۆژی 20ی تەممووزی 2023ش ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هەپەگە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەم چەند رۆژەدا گەریلاکانی پەکەکە لە چەندین ناوچەی جیاواز لە خاکی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی تورکیا بوونەتەوە و لە رووبەڕووبوونەوەیەکی رۆژی 17ی تەمموزیشدا سێ سەرباز لە ناوچەی زاپ کوژراون و دوو سەربازی دیکەش برینداربوون. 
 
لە راگەیێندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، لە رۆژی 10ی تەممووزەوە سوپای تورکیا لە رێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، تۆپهاوێژ و فڕۆکە جەنگییەکانییەوە پێگەکانی پەکەکە لە ناوچە جیاوازەکانی زاپ، مەتین، خواکوڕک، ئامێدی و ئاڤاشین بەچڕی بۆردوومان دەکات. 
 
رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 582 گەریلا و کوژرانی 94 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی دوو هەزار و 935 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 344 گەریلای راگەیاندووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی گشتیی کەلار

کارەبای گەرمیان: پێدانی کارەبا بۆ 15 کاژێر کەمبووەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی هاتنی شەپۆلی سەرما و زیادبوونی خواست، پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ 15 کاژێر کەمبووەتەوە. دەشڵێت، بەهۆی "نەبوونی نەختینە"ـەوە کارکردن لە ژمارەیەک پڕۆژەی سنوورەکە وەستاوە.