پۆلیسی هەرێمی کوردستان: لە ئەمڕۆوە چەکی بێ مۆڵەت قاچاخە

22-07-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێدانی مۆڵەتی چەک کۆتاییهاتووە و لە ئەمڕۆوە هەر چەکێکی بێ مۆڵەت دەستی بەسەردا بگیرێت وەکو قاچاخ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت؛ گوتیشی، زۆرترین چەک لە دهۆک و کەمترینیش لە سلێمانی تۆمار کراون.
 
رۆژی شەممە، 22ـی تەممووزی 2023، موقەدەم کارزان ئەمیر، گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوێنێ پێدانی مۆڵەت بە چەک کۆتاییهات. لە ئەمڕۆوە هەر چەکێکی بێ مۆڵەت دەستی بەسەردا بگیرێت وەکو چەکی قاچاخ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و خاوەنەکەی رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە".
 
گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ئاماری وردی چەکی تۆمارکراوی هەرێمی کوردستانیان هێشتا بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام زۆرترین چەک لە سنووری پارێزگای دهۆک و کەمترینیش لە پارێزگای سلێمانی تۆمار کراوە.
 
پۆلیسی هەرێمی کوردستان لە رێگەی 90 بنکەوە چەکی هاونیشتمانییانی تۆمار دەکرد. دوێنێ 21ـی تەممووزی 2023 تاوەکو شەو دەرگای بنکەکانی پۆلیس بۆ تۆمارکردنی چەک وەکو دوایین رۆژی پێدانی مۆڵەت کراوەبوون.
 
بەگوێرەی مادەی 15ـی یاسای ژمارە 2ـی چەک لە هەرێمی کوردستان کە لە رۆژی 1-3-2022 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسندکراوە، سزای هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت یان دەستداریی چەکی ئاگرین یان هەڵگرتنی، یان فرۆشتنی یان چاککردنەوە و دەستاودەستکردنی، بریتی دەبێت لە بەندکردن بە ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردنێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
 
بەگوێرەی یاساکە، ئەو کەسەی چەک هەڵدەگرێت، دەبێت تەمەنی لە 21 ساڵ کەمتر نەبێت و کێشەی دەروونی و جەستەیی نەبێت، پێشینەی تاوان و ئەمنی نەبێت، هەروەها پاساوێکی گونجاوی هەبێت بۆ هەڵگرتنی چەک.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە