رووداو دیجیتاڵ
لە جیهانێکی پڕ لە دەنگدا، هەندێک دەنگ هەن کە تەنیا دایکێک دەیانبیستێت، دەنگی هەناسەیەکی ماندوو، دەنگی لێدانێکی ناسکی دڵ، یان وەک لەم چیرۆکەدا، دەنگێکی تیژ و ترسناک کە لەگەڵ هەر جووڵەیەکی سادەدا گیانی دەهەژێنێت، "دەنگی شکانى ئێسکەکانی جگەرگۆشەکەی."
ئەمە چیرۆکی بارینە، کچێکی تەمەن 8 ساڵان کە لەجیاتی ئەوەی وەکو هاوتەمەنەکانی بەدوای پەپوولەدا رابکات و لە حەوشەی قوتابخانەدا یاریی پێلکەکۆتێ بکات، لەنێو چوارچێوەی جەستەیەکی شووشەییدا زیندانی کراوە.
بارین تووشبووی نەخۆشییەکی دەگمەنە بەناوی "Osteogenesis Imperfecta" یان "ئێسکی شووشەیی"، نەخۆشییەک کە وایکردووە ئێسکەکانی هێندە ناسک بن، وەکو ئەوەی لە شووشە دروستکرابن و بە بچووکترین بەرکەوتن وردوخاش ببن.
دایکی بە دەروونێکی پڕ لە زام و چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە، چیرۆکی ئازارێکی رۆژانە دەگێڕێتەوە کە بووەتە بەشێک لە ژیانیان، "رۆژانە ئازاری کچەکەم دەبینم،" ئەو دەڵێت، "گوێم لە شکانی ئێسکەکانیەتی، هەستدەکەم منیش لەگەڵیدا دەکوڵێم و ئاگرم تێبەردەبێت." ئەمە تەنیا ئازارێکی جەستەیی نییە، بەڵکو بارگرانییەکی دەروونیشە کە سێبەری خستووەتە سەر هەموو خێزانەکە.
بارین، وەک هەر منداڵێکی دیکە، حەز بە جووڵە و یاری دەکات، بەڵام جەستەی خیانەتی لێ دەکات، پرسیارە بێگەردەکەی "دایکە، بۆ من وەک هاوڕێکانم نیم تا یارىیان لەگەڵ بکەم؟" وەک خەنجەرێک لە دڵی دایکی دەچەقێت.
تراژیدیای ئەم خێزانە قووڵترە لەوەی دەبینرێت، ساڵانێک لەمەوبەر، ئەوان هەمان کارەساتیان بە شێوەیەکی سەختتر ژیاوە، نگین کچە گەورەیان، بە هەمان نەخۆشییەوە نۆ ساڵی تەمەنی لەنێو ئازاردا بەسەر برد، باوکی بە یادەوەرییەکی تاڵەوە باس لە کۆچی دوایی نگین دەکات، "کاتێک لەنێو دەستماندا کۆچی دواییکرد و هەڵمگرت، سوێند دەخۆم بە مردووییش گوێم لە دەنگی شکانی ئێسکەکانی بوو." ئەم یادەوەرییە ترسناکە وایکردووە ئێستا ترسی دووبارەبوونەوەی بۆ بارین، سات بە سات ژیانیان داگیر بکات.
بەپێی رای پزیشکەکان، ئەم نەخۆشییە بۆماوەییە و لە هەر بیست هەزار لەدایکبوونێکدا یەک حاڵەت روودەدات، نیشانەکانی تەنیا شکاوی ئێسک نییە، بەڵکو زۆرجار سپێنەی چاوی تووشبووان رەنگێکی شینباوی هەیە، ددانەکانیان لاوازە و قژیان بێهێزە.
سەیر ئەوەیە، بارین تاوەکو تەمەنی ساڵێک و حەوت مانگی منداڵێکی تەواو ئاسایی بوو؛ بە پێیەکانی خۆی دەڕۆیشت، بەڵام رۆژێک لە پارکی ئازادی، لە کاتێکی پڕ لە پێکەنیندا، یەکەم شکان روویدا و دەروازەی جەهەننەمی ئازارەکانی بەڕوودا کرایەوە، رۆژ هەبوو دوو جار یان سێ جار ئێسکەکانی دەشکا، تاوەکو ئەو رادەیەی نەدەگەیشتنە نەخۆشخانە و لە ماڵەوە تووشی شکان دەبوو.
ئێستا بەهۆی چاندنی چەندین پلاتین لە قاچەکانیدا، بارین دەتوانێت بوەستێت و چەند هەنگاوێک بنێت، بەڵام ئەمە چارەسەرێکی کاتی و پڕ لە ئازارە، لەگەڵ گەورەبوونی جەستەیدا، پێویستە هەر شەش مانگ یان ساڵێک جارێک، بە نەشتەرگەرییەکی دیکە ئەو پلاتینانە بگۆڕدرێن، ئەمەش واتە خولانەوە لە بازنەیەکی بێ کۆتایی نەشتەرگەری و ئازاردا.
خێزانەکەی لەنێوان دووڕیانێکی سەختدا گیری خواردووە، ئەگەر بارین بجووڵێت و یاری بکات، مەترسیی شکان هەیە؛ ئەگەریش دابنیشێت و نەجووڵێت، قەڵەو دەبێت و کێشەی تەندروستیی دیکەی بۆ دروست دەبێت، لەم نێوەندەدا، خەونە بچووکەکانی بارین بۆ ژیانێکی ئاسایی و پێکەنینێکی بێ ترس، لەگەڵ دەنگی شکانی ئێسکەکانیدا تێکەڵ دەبن، دایکی بە هەناسەیەکی ساردەوە دەڵێت، "ئەگەر بارین چاک بووایەوە، لە دنیا هیچ شتێکی دیکەم نەدەویست."
ئەمە ئاواتی دایکێک نییە بۆ سامان و خۆشیی دنیا، بەڵکو تەنیا پاڕانەوەیەکە بۆ تەندروستیی پارچەیەک لە گیانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ