ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە داوای راگرتنی رێکارەکانی بەقەزاکردنی قەرەتەپە دەکات

22-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەکات رێکارەکانی بەقەزاکردنی ناحیەی قەرەتەپە رابگرێت. نوێنەرێکی کوردی ئەنجوومەنەکەش دەڵێت، قەرەتەپە مەرجەکانی بە قەزاکردنی تێدا نییە و "ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بووە و هەندێک پەرلەمانتاری شکستخواردووی لە پشتە."
 
ئەوس مەهداوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لەسەر لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی سێشەممە، 22-07-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەسەر داواکاریی ئێمە، عومەر مەعن ساڵح کروی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە نووسراوی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کردووە بۆ راگرتنی رێکارەکانی بەقەزاکردنی ناحیەی قەرەتەپە."
 
تۆڕی میدیایی رووداو وێنەی نووسراوەکەی دەستکەوتووە، کە رۆژی 20ی تەممووزی 2025 ئاراستەی وەزارەتی پلاندانان کراوە.
 
ئەوس مەهداوی هۆکارەکانی رەتکردنەوەی بڕیارەکەی روونکردەوە و گوتی، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسەکە پێکدەهێندرێت، بەڵام "بەدڵنیاییەوە قەرەتەپە مەرجەکانی تێدا نییە". 
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە چەند هۆکارێک دەخاتەڕوو:
 
یەکەم: ژمارەی دانیشتووانی ناحیەکە ناگاتە ئەو ئاستەی بکرێتە قەزا.
 
دووەم: ناحیەی کۆکس، کە ناحیەیەکی سەر بە ئیدارەی هەرێمی کوردستانە نەک دیالە، بە نایاسایی خراوەتە سەر قەزا نوێیەکە.
 
سێیەم: قەرەتەپە دەکەوێتە چوارچێوەی ناوچەکانی مادەی 140 و نابێت هیچ گۆڕانکارییەکی ئیداریی تێدا بکرێت.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە جەختی لەوە کردەوە، سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان دژی بڕیارەکەن و بە هەنگاوێکی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردنی دەزانن.
 
رۆژی 2ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاندبوو، محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، رەزامەندیی لەسەر بەقەزاکردنی قەرەتەپە داوە.
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتەکە پاساوی بڕیارەکەی بەوە هێنایەوە کە "سێ ناحیە هەبوون بە هیچ قەزایەکەوە نەبەسترابوونەوە، ئەوانیش قەرەتەپە، جەبارە و کۆکس بوون، ئەمەش وایکرد پێویست بە دامەزراندنی ناوەندێکی نوێی قەزا بکات بۆ رێکخستنی ئیداریی ناوچەکە."
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی پلاندانان، یەکە ئیدارییە نوێیەکان بەم شێوەیە دەبن:
 
• قەزای قەرەتەپە: کۆدی ئیداری (2109)
• ناحیەی جەبارە: (سەر بە قەزای قەرەتەپە) - کۆدی ئیداری (21092)
• ناحیەی کۆکس: (سەر بە قەزای قەرەتەپە) - کۆدی ئیداری (21093)
 
ناحیەی قەرەتەپە سەر بە قەزای خانەقینە لە پارێزگای دیالە و یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.