رووداو-هەولێر
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا نرخی مریشک زۆر دابەزیوە، ئەمەش دوای ئەوەی ناردنی بۆ شارەکانی عێراق قەدەخە کرا.
رۆژی سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، فیراس سدیق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ماوەی رابردوودا نرخی مریشک بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، نرخی کیلۆیەک مریشک گەیشتە زیاتر لە 3,250 دینار، بەڵام لە 24 کاژێری رابردوودا نرخەکەی زۆر دابەزیوە."
پێشتر لە پەلەوەرخانەکان کیلۆیەک مریشک بە 3,250 دینار بوو. ئێستا بە 2,800 دینارە.
فیراس سدیق گوتی: "هەناردەکردنی مریشکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا قەدەخە کراوە. هەروەها کاتێک نرخی مریشک بەرزبووەوە، خاوەن کێڵگەکان بەرهەمهێنانیان زیادکرد، ئەوەش بووە هۆی زیادبوونی بەرهەم، کەمبوونەوەی خواست و دروستبوونی هەڵاوسان."
لە هەرێمی کوردستان خواستی زۆر لەسەر مریشکی زیندووە بەراورد بە مریشکی بەستوو. بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، تێچووی پێگەیاندنی هەر کیلۆیەک مریشکی زیندوو 2,250 دینار لەسەر خاوەن کێڵگەکان دەکەوێت.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان بەخێودەکرێن، کە بەرهەمەکەیان نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتە.
لە هەرێمی کوردستان 1,840 پەرلەوەرخانە هەن، زۆرینەیان دەکەونە پارێزگای سلێمانی، پاشان هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە، بەڵام هەموویان بەشێوەیەکی هەمیشەیی بەرهەمیان نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ