رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەمزووانە کارەکانی هێڵی سێیەمی ئاوی دووکان- سلێمانی دەستپێدەکات و گوتیشی، "دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە، بۆ ماوەی 25 ساڵ کێشەی کەمئاوی لە ناوچەکە نامێنێت."
هێڵی یەکەمی ئاوی دووکان- سلێمانی لە ساڵی 1983 و هێڵی دووەمی پڕۆژەکەش لە ساڵی 2008 کراوەتەوە. ئەم ساڵیش رەزامەندی لەسەر هێڵی سێیەم دراوە و بەمزووانە کارەکانی دەستپێدەکات.
رۆژی سێشەممە 22ی تەممووزی 2025، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پلاندانان و داراییش رەزامەندییان لەسەر پڕۆژەی هێڵی سێیەمی ئاوی دووکان- سلێمانی داوە، بەمزووانە تەندەر بۆ پڕۆژەکە رادەگەیێندرێت و بە زووتری نکات دەست بە کارەکانی دەکرێت."
پڕۆژەکە بە گوژمەی 293 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت. بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان گوتی، "پڕۆژەکە لە چەند بەشێک پێکهاتووە، لەوانە: وەرگرتنی ئاو، دوو وێستگەی پاڵنانی ئاو، دابینکردنی کارەبا و پاڵاوتنی ئاو."
بە گوتەی ئاری ئەحمەد، 16 بۆ 17 گەڕەکی سلێمانی ئاویان نییە و بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، ئاوی بەردەوام بە هەموو ئەو گەڕەکانە و سەنتەری سلێمانیش دەگات و تاوەکو 25 ساڵی دیکە کێشەی کەمئاوی لە سلێمانی ناهێڵێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان گوتی، پڕۆژەکە لە کاژێرێکدا توانای پاڵاوتنی 20 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ