رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا رایدەگەیێنن، ژمارەی قوربانییانی پێکدادانە خوێناوییەکانی هەفتەی رابردوو لە پارێزگای سوەیدای زۆرینە دروزی لە باشووری سووریا، هەزار و 300 کەسی تێپەڕاندووە.
رۆژی سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا رایانگەیاند، ژمارەی کوژراوانی دروز 833 کەس بوون، 533 کەسییان چەکدار و 300 کەسی دیکەشیان سیڤیل بوون، "کە 196 کەسیان لەلایەن کارمەندانی وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆوە بەکۆمەڵ کوژراون."
سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا کە پشت بە تۆڕەکانی نێو سووریان دەبەستن، دەڵێن، لە تووندووتیژییەکەدا 423 کارمەندی ئەمنیی حکومەت و 35 چەکداری عەرەبە دەشتەکییەکان کوژراون، لەو ژمارەیەکش سێ کەسیان هاووڵاتی سیڤیل بوون و لەلایەن "چەکدارەکانی دروزەکانەوە کوژراون."
هەرچی هێرشەکانی ئیسرائیلیشە بوونەتە هۆی کوژرانی 15 چەکداری حکومەتی سووریا.
پێکدادانەکانی سوەیدا، کە لە 13ـی تەممووزەوە دەستیانپێکرد، سەرەتا چەکدارانی دروز و عەرەبە سوننە دەشتەکییەکان تێیدا بەشداربوون، بەڵام بەگوێرەی شایەتحاڵان، شارەزایان و سەرچاوە خۆجێیەکان، هێزەکانی حکومەت لە بەرژەوەندیی دەشتەکییەکان دەستوەردانیان کردووە.
ئاگربەستێک لە رۆژی یەکشەممەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارە دەشتەکییەکان لە شاری سوەیدا کشانەوە و هێزەکانی حکومەت لە بەشێک لە پارێزگاکەدا جێگیر کران.
نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە رایگەیاند، کارمەندەکانی و خێزانەکانیان لە شارەکە دەگوازێتەوە و کاروانێکی نوێی هاوکاریی رادەستی مانگی سووری کردووە کە بۆ سوەیدا تەرخانکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ