قایمقامی کفری: بودجە خەرج ناکرێت و پڕۆژەکانمان راگیراون

22-07-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی کفری دەڵێت، لە ماوەکانی رابردوودا بە بڕی 25 ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە قەزاکەیان راگەیێنراوە، بەڵام نزیکەی دوو مانگە کارکردن تێیاندا راگیراوە.
 
ساهیر عەلی، قایمقامی قەزای کفری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی ئەم قەیرانە نوێیە داراییەوە کە دروستبووە، هیچ بڕە پارەیەک بۆ پڕۆژەکان تەرخان ناکرێت و کارکردن لە سەرجەم پڕۆژەکان راوەستاوە، داواشمان کردووە چارەسەرێکی دۆخەکە بکرێت و پڕۆژەکان لەوە زیاتر پەکیان نەکەوێت."
 
ساهیر عەلی گوتی، "لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان پێنج ملیار دینارمان بۆ تەرخانکرا، کە بەو بودجەیە جووت سایدی رێگەی گومرگ و بەردەم دواناوەندی کفریمان دروست کرد."
 
بە گوتەی قایمقامی کفری، "یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکان، دروستکردنی کۆڕنیشێکە لەسەر بەنداوی باوەشاسوار، کە پلانی حکومەتی هەرێمە و لە بودجەی پەرەپێدان 400 ملیۆن دینارمان بۆ دروستکردنی تەرخان کردووە."
 
کۆڕنیشەکە پلان و سەرپەرشتیکردنی لەلایەن دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانە و بە کۆی گشتی، دەستەکە ملیارێک دیناری بۆ تەرخان کردووە.
 
وەک قایمقامی کفری ئاماژەی پێدەکات، "جگە لە بودجەی پەرەپێدان، دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ملیارێک دیناری بۆ کۆڕنیشەکە تەرخانکردووە و هەر خۆیشیان دیزاینی کۆڕنیشەکەیان کردووە."
 
کۆرنیشی گەشتیاریی کفری درێژییەکەی 500 مەترە و بە دوو قۆناخ دەبێت؛ قۆناخی یەکەم دیواری راگری کۆنکرێت و پێداویستییەکانی دیکەی کۆرنیشەکە تەواو دەکرێت و لە قۆناخی دووەمدا رێستۆرانت، کافتریا، یاریی ئاوی، کەپر و چەند شوێنێکی دیکەی گەشتیاری دروست دەکرێن.
 
کفری یەکێکە لە قەزا کۆنەکانی باشووری کوردستان. جگە لە کورد، بەشێکی دانیشتووانی قەزاکە تورکمانن. لە راپەڕینی ساڵی 1991ـەوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.