رووداو دیجیتاڵ
کارکردن لە بەشێکی شەقامی 100 مەتریی شاری سلێمانی بەرەو کۆتایی دەچێت و بڕیارە ئەم ساڵ بەشێکی بەڕووی شۆفرێراندا بکرێتەوە. سەرپەرشتیاری کۆمپانیای جێبەجێکار دەڵێت، "27 کیلۆمەتر قیرتاو کراوە".
شاباز سدیق، سەرپەرشتیاری کۆمپانیای قەیوان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی 100 مەتریی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەقامەکە سێ چین قیرتاوی دەوێت، دوو چینی تەواو کراوە و لە دوێنێوە دەستکراوە بە قیرکردنی چینی سێیەم و کۆتایی".
سەرپەرشتیاری کۆمپانیای قەیوان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە گوتی، "بە دڵنیاییەوە ئەم ساڵ بەشێکی سەرەکیی شەقامەکە بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە".
ئەو بەشەی 100 مەتریی سلێمانی کە بڕیارە ئەم ساڵ بکرێتەوە، لە تاسڵوجەوە دەستپێدەکات تاوەکو ناوچەی تانجەرۆ.
شاباز سدیق گوتی، "تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ لە رووی رێگەوبانەوە کارەکان تەواو دەکرێن، ئەوەی دەمێنێتەوە ستوون، گاردێنەکان و وردەکارییەکانی دیکەی پڕۆژەکە دەبێت".
شەقامی 100 مەتریی سلێمانی کە بە "ئۆتۆبانی بابان"یش ناسراوە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و درێژییەکەی 34 کیلۆمەترە.
بە گوتەی شاباز سدیق، تاوەکو ئێستا قیرتاوکردنی 27 کیلۆمەتری شەقامەکە تەواو کراوە و کارکردنیش تێیدا بەردەوامە.
پڕۆژەکە 7 یەکتر بڕ، پێنج ئەندەرپاس، چوار پرد و فلای ئۆڤەرێکی تێدایە.
ئۆتۆبانی بابان لە 11-7-2020 بەردی بناخەی دانرا، بە چەند قۆناخێك جێبەجێ دەكرێت، گوژمەی پڕۆژەکە 400 ملیار دینارە و بڕیار بوو لە ماوەی هەزار و 100 رۆژ واتە تاوەکو 30-8-2023 تەواو بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ