رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی گەرما، پیسبوونی هەوا و کەمیی کارەباوە، سبەی لە فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگای کرماشان و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان پشووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 22ی تەممووزی 2025، جەلیل بالایی، جێگری پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گوشاری زۆر لەسەر تۆڕی کارەبای پارێزگاکە و پیسبوونی هەوا، سبەی چوارشەممە لە سەرجەم فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگاکە پشوو دەبێت.
جەلیل بالایی ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی گەرماوە بەکارهێنانی کارەبا لە پارێزگاکە زیاتر بووە و بۆ ئەوەی بتوانن بەکارهێنان کەم بکەنەوە، دەوامی فەرمانگە حکومییەکانیان کەمکردووەتەوە.
دوێنێ یەکشەممە، دەوامی فەرمانگە حکومییەکان لە کرماشان کاژێر 6 بەیانی بۆ 11ی بەیانی کەم کرایەوە.
جەلیل بالایی رایگەیاند، پشووەکەی سبەی، دامەزراوە خزمەتگوازی و فریاگوزارییەکانی وەک نەخۆشخانە، بنکە تەندروستییەکان و ناوەندە ئەمنییەکان ناگرێتەوە.
ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گوشاری زۆر لەسەر تۆڕی کارەبای پارێزگاکە، سبەی چوارشەممە لە فەرمانگە حکومییەکان دەکرێتە پشوو.
بڕیارەکەی ناوەندی کۆنترۆڵی قەیران، دامەزراوە خزمەتگوازی و فریاگوزراییەکانی وەک نەخۆشخانە، بنکە تەندروستییەکان و هەروەها ناوەندە ئەمنییەکان ناگرێتەوە.
چەند رۆژێکە پلەی گەرما لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەتەوە، لە هەندێک ناوچە گەیشتووەتە 49 پلەی سیلیزی.
پێشتر کەشناسیی ئێران رایگەیاندبوو، رۆژی 22 و 23ـی تەممووز پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە و دەگاتە سەرووی 50 پلەی سیلیزی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ