سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی: بەهۆی بێ بەنزینییەوە 50%ی کارەکانمان راگرتووە

22-08-2022
نزار جەزا
ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی خێرا لە سلێمانی. وێنە: رووداو
ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی خێرا لە سلێمانی. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

لەبەر بێ بەنزینی، ئۆتۆمبێلەکانی سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی ناتوانن بەفریای بەشێک لە هاونیشتمانییان بکەون و گێچی بەنزینیان سفر بووەتەوە.
 
وریا عەبدولواحید، شۆفێری ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن دەڵێت، "پێشتر 80 لیتر بەنزینم وەردەگرت، بەڵام ئێستا 25 لیتر بەنزین وەردەگرم، ئەم بڕەش زۆر کەمە و بەشم ناکات، چونکە ئەم ئۆتۆمبێلە لە بەیانییەوە ناکوژێتەوە و پێویستە بەردەوام تەبرید کار بکات، ئەگەر کار نەکات، نەخۆش لە دواوە دەخنکێت. گێچی بەنزینی ئۆتۆمبێلەکەش سفر بووەتەوە، تاوەکو بەیانی دەبێت ئاوا بێت، دواتریش کێشەی سووتانی فیول پەمپ دروستدەبێت."
 
کاتێک 50%ی خزمەتگوزارییەکانی سەنتەری فریاکەوتنی خێرا راگیران، پارێزگاری سلێمانی بەشی سێ رۆژ بەنزینی بۆ سەنتەرەکە دابینکرد.
 
وریا عەبدولواحیدی شۆفێر ئاماژە بەوە دەکات، "چەندجار هەبووە لە دەرەوەی شار بووین بەنزینمان کەم پێبووە، بە ناچاری لە گیرفانی خۆمان بەنزینمان تێکردووە."
 
لە ماوەى ئەمساڵدا سێهەمجارە ئەم گرفتە دووبارە دەبێتەوە، بە ناچاری ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بۆ ئەو کەسانە نانێرن، کە بارودۆخیان زۆر خراپ و لەناکاو نییە.
 
لەیلا کەریم، ئەندامی کۆنترۆڵی سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە رووداو هەبووە لەکاتی بێ بەنزینی یان قەیرانی دیکەدا نەمانتوانیوە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی بۆ بنێرین، ئەمەش گرفتی بۆ ئێمە و هاونیشتمانییان دروستکردووە."
 
سەنتەرەکە 35 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی هەیە، کە هەریەکێکیان بەپێی جۆرەکەی 30 یان 40 لیتر بەنزینی رۆژانەی پێدەدرێت.
 
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەکات بە دەم ئەو گرفتانەوە بچێت، کە مانگانە تووش دەبن و دەڵێت، "لە پێرێوە 50%ی کارەکانمان راگرتووە بەهۆی بێ بەنزینییەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانین ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن بۆ پێنج شەش کەس بنێرین."
 
لە ماوەی ساڵی 2021دا نزیکی 17 هەزار و 500 کەس لەڕێگەی ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتنی ئەم سەنتەرەوە گوازراونەتەوە.
 
دوو هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم گرفتە هەن، یەکەم ئەو بڕە پارەیەی ئەمساڵ بۆ بەنزین تەرخانکراوە، هەمان بڕی ساڵی پێشووە لە کاتێکدا ساڵی پار نرخی بەنزین نیوەی نرخی ئێستا بوو، بۆیە ناتوانن هەمان بڕە بەنزینی ساڵانی پێشوو بۆ ئەمساڵیش دابین بکرێت. دووەم، کەڵەکەبوونی قەرزەکانی سەر بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی وایکردووە بەنزینخانەکان چیدی بەنزین بە قەرز نەدەنە ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە