دەستەی مافی مرۆڤ: دەستگیرکردنی داواکراو ئەرکی پۆلیسە نەک دژە تیرۆر

22-08-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، سەرکۆنەی رووداوەکانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی شاری سلێمانی دەکات و رایدەگەیێنێت: "بڕیاری دەستگیرکردنی داواکراو هێزی جێبەجێکار پۆلیسە نەک هێزی دژە تیرۆر و هێزی دیکە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دەستەی مافی مرۆڤ کە ئەمڕۆ  هەینی 22ـی ئابی 2025 بڵاویکردووەتەوە، شەوی رابردوو هێزێکی زۆری ئەمنی جۆراوجۆر بە چەکی سووک و قورسەوە، بەمەبەستی دەستگیرکردنی سێ داواکراو چوونەتە گەڕەکی لالەزاری شاری سلێمانی و بەهۆیەوە رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی سەخت بۆ ماوەی چوار کاژێر روویداوە کە کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
 
دەستەکە رەخنە لە شێوازی جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنەکە دەگرێت و دەڵێت: "لامان وایە بڕیاری دەستگیرکردنی داواکراو هێزی جێبەجێکار پۆلیسە، نەوەک هێزی دژە تیرۆر و هێزی دیکە." هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە بەپێی رێکارە یاساییەکان، دەبوو تۆمەتباران رەوانەی گرتن و گواستنەوە بکرێن، "نەوەک شوێنی دیکە و بارەگای حیزبی."
 
یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی دەستەی مافی مرۆڤ نیگەرانیی خۆی لەبارەیەوە دەربڕیوە، بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دەستگیرکراوەکانە لە میدیاکاندا. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەندێ لەو هێزە ئەمنییانە لەکاتی دەستگیرکردنی چەند کەسێک ڤیدیۆ و وێنەیان گرتووە و دواتر لە میدیاکان پیشان دراوە... ئەمە لەکاتێکدایە تۆمەتبار بێ تاوانە تاوەکو یەکلاییبوونەوەی تاوانەکەی و رێگەپێدراو نییە لەپێناو شکۆی مرۆڤەکان حاڵەتی لەو جۆرە پیشان بدرێت."
 
دەستەی مافی مرۆڤ پشتیوانیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگاکان دووپاتدەکاتەوە، بەڵام دەڵێت: "هەر جۆرە رێگا و شێوازێکی دیکە" بۆ دەستگیرکردنی داواکراوان رەتدەکاتەوە کە ترس و دڵەڕاوکێی لەناو هاووڵاتییاندا بڵاوکردووەتەوە.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، دەستەکە پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ قوربانییانی رووداوەکە دەردەبڕێت و هیواخوازە یاسا سەروەر بێت و دادگا کەیسەکە یەکلایی بکاتەوە. هەروەها رایگەیاندووە کە وەک دەستە لە نزیکەوە بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی ئەو رووداوە."
 
نزیکەی کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 22ـی ئابی 2025، ژمارەیەک هێزی ئەمنیی لە سلێمانی هێرشیان کردەسەر هۆتێل لالەزار، دوای نزیکەی چوار کاژێر رووبەڕووبووەنەوە لاهوور شێخ جەنگی و براکانی دەستگیرکران. 
 
بەهۆی پێکدادانەکانەوە، سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کوژران و ژمارەیەکیش برینداربوون. هەروەها دەنگۆی کوژرانی ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزی دووپشک هەیە، کە سەر بە لاهوور شێخ جەنگی بوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەرمانخانەیەکی ئێران

چەند جۆرێک دەرمانی پێویست لە پارێزگای سنە دەستناکەون

جێگری سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی پارێزگای سنە دەڵێ، بەشێک لە کێشەی کەمیی دەرمانیان بە بەکارهێنانی دەرمانی نێوخۆیی چارەسەرکردووە، بەڵام چەند جۆرێک دەرمانی تایبەت و پێویست لەو پارێزگایە دەستناکەون.