رووداو دیجیتاڵ
پێشبڕکێی وانەی بیرکاری بۆ قوتابیانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە قەزای عەنکاوەی شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردنی پاڵەوانێتییەکان لەسەر بنەمای خێرایی وەڵامدانەوە و دروستیی وەڵامەکان دەبێت.
ئەمڕۆ هەینی، 22-09-2023، کاژێر 14:00، لە ''وایت هۆڵی'' قەزای عەنکاوەی سەر بە هەولێر، 218 قوتابیی تەمەن 5 بۆ 16 ساڵ، بەشداری پێشبڕکێی وانەی بیرکاری لە هەشت ئاستدا بکەن.
پێشبڕکێیەکە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و شارەکانی عێراقە و هەر بەشداربوویەک ماوەی 18 چرکەی لە بەردەستە بۆ وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێک، هەرکەسێک بە کەمترین کات وەڵامی 25 پرسیار بداتەوە، دوای دڵنیایی لە دروستیی وڵامەکان، دەبێتە پاڵەوانی ئاستەکەی خۆی.
پەریخان ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پرۆگرامی ماجیک ماس (Magic math) لە کوردستان و عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، لەبارەی پێشبڕکێیەکەوە رایگەیاند، ئەم 218 بەشداربووە هەڵبژاردەی مامۆستا و راهێنەرەکانی خۆیانن و پێشتر کاریان لەسەر کراوە.
وەک پەریخان ئەحمەد گوتی، بڕوانامەی نێودەوڵەتی دەدرێتە بەشداربووان، ناوەکانیان دەنێردرێت بۆ دامەزراوەیەکی سەرەکی کە سەرپەرشتیی پڕۆسەکانی لەو شێوەیە دەکات، ''دواتر شارەزایەک ئەنجامەکان پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر کەسێک راهێنانی پێ نەکرابێت، ناتوانێت بەشداری لە پڕۆسەکە بکات.''
سەرپەرشتیاری پرۆگرامی ماجیک ماس لە کوردستان و عێراق باسی لەوەشکرد، لە پێشبڕکێیەکەدا زیاتر بایەخ بە کۆکردنەوە و کەمکردنەوە دەدرێت، ''چونکە پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکان زیاتر کار لەسەر کۆکردنەوە و کەمکردنەوە دەکەن، لەبەر ئەوەی ئەم پێشبڕکێیانە بە تەواوی بیرکاری نین، بەڵکو پڕۆسەیەکە بۆ بەهێزکردنی توانای هزریی منداڵان.''
ئەو قوتابییانەی کە بەشداری لە پێشبڕکێیەکەدا دەکەن، بە شێوەی پرۆگرامی ماجیک ماس وەڵامی پرسیارەکان دەدەنەوە، واتا پێشتر بە ''ئەباکۆس'' (abacus) کە ئامێرێکی هەژماری ژمارەیە، راهێنانیان پێدەکرێت و دوای بەهێزبوونی سەرنجدانیان، بە شێوەی هزری و بەبێ ئامێرەکە وەڵامی کۆکردنەوە و کەمکردنەوەکان دەدۆزنەوە.
بەکارهێنانی ئەباکۆس بۆ فێرکردنی بیرکاری بە منداڵان و مێرمنداڵان رۆڵێکی بەرچاوی هەیە و تاوەکو ئێستا چەندین پێشبڕکێی جیهانی بۆ هەژمارکردنی هزری و بەشێوەی ئەباکۆس بەڕێوەچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ