رێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان داوای ئازادکردنی ژینگەپارێزەکان دەکەن

22-09-2023
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی رێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان داوای ئازادکردنی ژینگەپارێزە دەستبەسەرکراوەکانی ئەو شارە دەکات، ئەوەش لە کاتێکدایە کە 26 ئەندامی ئەنجوومەنی چیا ئازاد کراون و دوو کەسیان لە گرتووخانەدا ماون.
 
ئەو ئەنجوومەنە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی مەریوان لە 10-09-2023 هێرشیان کردووەتە سەر کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجوومەنی سەوزی چیا و بە "نایاسایی" بەشداربووانی کۆبوونەوەکەیان دەستبەسەر کردووە.
 
ئەنجوومەنی رێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان دەڵێت، دەستبەسەرکردنی ئەندامانی چیا نیگەرانی و ناڕەزایی خەڵک و ئەندامانی رێکخراوە مەدەنییەکانی لێکەوتووەتەوە و داوا لە دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەو شارە دەکات، کەشی گشتیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگە بەرەو گرژی و ئاڵۆزی نەبەن.
 
هەروەها هۆشداری دەدات، ئەگەر ئەو شێوازە هەڵسوکەوتە لەگەڵ رێکخراو و چالاکڤانانی مەدەنی بەردەوام بێت، کاردانەوەی کۆمەڵگەی لێدەکەوێتەوە.
 
ئەنجوومەنی رێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان دەشڵێت، لە رێگەی یاساییەوە بەدواداچوون بۆ هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی چیا دەکات.
 
ئەنجوومەنەکە لە ئەنجوومەنی کولتووری - ئەدەبیی مەریوان، ناوەندی کولتووری - هونەریی ڤەژین، یانەی ژنانی هەورامان، ئەنجوومەنی شانۆی مەریوان، ناوەندی تەندروستیی ژین، ئەنجوومەنی پێشگرتن لە گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەری ژیانەوە، ئەنجوومەنی ئەدەبی - کولتووریی رۆجیار، ناوەندی زانستی - کولتووریی رۆنان پێکهاتووە.
 
هێزە ئەمنییەکان شەوی 10-09-2023 لە مەریوان چوونە سەر کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ژینگەپارێزیی سەوزی چیا و 28 کەس لە ئەندامەکانیان دەستبەسەر کرد؛ هەر ئەو شەوە 26 کەسیان ئازادکران. دواتریش یەکێکی دیکەیان بە کەفالەت ئازاد کرا، بەڵام کاوە کەریمییانی و مادح خۆشنەواز هەروا دەستبەسەرن.
 
ئەنجوومەنی سەوزی چیا لە 19-09-2023 لە راگەیێندراوێکدا داوای کرد، ئەندامە دەستبەسەرکراوەکانی بە خێرایی ئازاد بکرێن و دەزگای دادی ئێران ئەو هێزە ئەمنییانە سزا بدات، چوونە سەر کۆبوونەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە