ئەم ساڵیش قوتابخانەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان داناخرێن

22-09-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بۆ ئەمساڵیش نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەرەوەدەی عێراق لە هەرێمی کوردستان داناخرێن، قوتابخانەکانی ئاوارەکان تاوەکو ساڵی دیکەش بەردەوام دەبن. ئەمڕۆش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەوامکردن لەو قوتابخانانە دەستیپێکرد.
 
نەجوا حەمید، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە، 22-09-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، قوتابخانەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان ئەم ساڵیش داناخرێن و لە خوێندن بەردەوام دەبن و ساڵی دیکەیان بۆ درێژکراوەتەوە.
 
ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تائێستاش بەشێک لە زێدی ئاوارەکان بەتەواوی ئامادە نییە لە رووی خزمەتگوزارییەوە، بۆیە تاوەکو ناوچەکانیان ئامادە نەکرێن، ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە. هەندێک لە گوندەکان قوتابخانەکانیان بەتەواوی وێران بووە، هیچ خزمەتگوزارییەکان نییە.
 
13ی شوباتی 2024 وەزارەتی پەروەردەی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی نوێنەرایەتیی وەزارەتەکەی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک کرد و تێیدا ئاماژەی بەوەکردبوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، 30ی تەممووزی 2024ی دیاریکردووە بۆ داخستنی کەمپەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان؛ بۆیە پاڵپشت بەوە بڕیاریانداوە لەو رۆژەدا نوێنەرایەتیی وەزارەتەکەیان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابخرێن.
 
 وەزارەتی پەروەردەی عێراق داوای کرد لەو ماوەیەی کە ماوە رێکاری پێویست و بەپەلە بگرنەبەر تاوەکو لە رۆژی ئاماژەپێکراودا نوێنەرایەتییەکان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابخرێن. بەڵام بڕیاری داخستنی کەمپەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دواخرا. هەولێر و بەغدا لیژنەیەکی هاوبەشیان پێکهێنا بەمەبەستی زەمینەسازیی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
 
هیچ کاتێک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دیاری نەکراوە و هەنگاوێکی لەو جۆرە دەکەوێتە سەر ئامادەکارییەکان و زەوینەسازی بۆ گەڕانەوەیان.
 
لە پارێزگای سلێمانی هیچ کەمپێکی ئاوارەکان نەماوە. لە هەولێر و دهۆک 22 کەمپی ئاوارەکان ماون؛ 18 لە دهۆک و 4ـەکەی دیکە لە هەولێرن.
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێستا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 21 هەزار خێزان هەن، کە 18 هەزاریان لە کەمپەکانی دهۆک و نزیکەی 3 هەزاری دیکەیان لە کەمپەکانی هەولێرن.
 
کەریم سەید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروردەی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە ساڵی نوێی خوێندن 2024-2025 بە بەشداری زیاتر لە 12 ملیۆن قوتابی، لە 30 هەزار قوتابخانەی حکومی، ناحکومی (سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی) و پەیمانگاکانی هونەرە جوانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە، دەستیپێکرد.
 
رۆژی 15ی ئەیلوول، مامۆستایان بۆ ساڵی نوێی خوێندن (2024-2025) لە قوتابخانەکانی عێراق دەستبەکاربوونەوە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ  ئەوەی رۆژی 21ی ئەیلوول یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێبدرێت.
 
لە هەرێمی کوردستان رۆژی 25ی ئەم مانگە خوێندنی ساڵی 2024-2025 دەستپێدەکات.
 
 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە