572 ملیار دینار بۆ مووچە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان

22-09-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی عێراق گوژمەیەکی دیکەی پارەی بۆ مووچە خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، کە بڕەکەی 572 ملیار دینارە.
 
رۆژی یەکشەممە 22-09-2024 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "572 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی بۆ تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئاب."
 
بەگوێرەی نووسراوێک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، جەمیل ساجب یوسف، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی عێراق، نووسراوی بۆ یەکەی سیستمی پارەدان کردووە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، پاڵپشت بە نووسراوی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران لە 12-09-2024 و رەزامەندیی وەزیری دارایی، رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ خەرجکردنی" بڕی تەنیا 572 ملیار و 738 ملیۆن و 746 هەزار و 382 دینار بۆ سەر هەژماری رەوان (حیساب جاری)ی بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان/ وەزارەتی دارایی و ئابووری/ هەولێر، کە هەژمارەکە کراوەتەوە لە بانکی ناوەندیی عێراق/ هەولێر بە هەژماری ژمارە (200115)."
 
بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، "ئەو پارەیە بۆ خەرجکردنی مووچەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان، بڕەکەی زیاد بکرێت کە ناوەکانیان هەژمار نەکرابوو، بەهۆی ئەوەی ژمارەی بایۆمەتری بۆ ئەو ناوانە نەکرابوو. ئەوەش پاڵپشت بەو خشتەیەی رەوانە کرابوو بۆ فەرمانگەی بودجە/ هاوئاهەنگی و ئاماری ساڵی 2024."
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەو پارەیەی بەغدا دەینێرێت، "وەک قەرز لەسەر هەژمارێکی رەوان (حیساب جاری) هەژمار دەکرێت، کە لە بانکی ناوەندیی عێراق بە ژمارە 70015 کراوەتەوە."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، نزیکەی 618 ملیار دینار لە مووچەی مانگی حەوت مابوو بۆئەوەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-09-2024، شاندێکی بەغدا لەبارەی هاوتاکردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی کە ماون، هەروەها بۆ تەواوکردنی مووچەی مانگی هەشت لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
 
رووداو زانیویەتی، رۆژی دووشەممەش شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئۆمێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەندامێتی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و چەند بەرپرسێکی دارایی دیکە، سەردانی بەغدا دەکەن و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی فیدراڵی لەبارەی چارەکردنی کێشەکانی مووچە کۆدەبنەوە.
 
رۆژی شەممە، 21-09-2024، هادی ئەکرەم، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لیستی مووچەی مانگی هەشتی خانەنشینانی مەدەنی بە هاوتاکراوی لە دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی دیکە رەوانەی بەغدا کراوە."
 
لەبارەی مووچەی مانگی ئەیلوولیش، هادی ئەکرەم گوتی: "ناردنی دوو مووچە پێکەوە ئەستەمە و ئەگەر بشنێردرێت، ئەوە دەکرێت لەسەر لیستی مووچەی مانگی هەشت مووچەی مانگی نۆش رەوانە بکرێت."
 
ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار، خانەنشینانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی حەوتیان بە بڕێکی هاوتای مووچەی خانەنشینانی عێراق وەرگرت. هادی ئەکرەم گوتی: "بۆ مانگی هەشتیش مووچەی خانەنیشنان هاوشێوەی حەوت بە هاوتاکراوی دەبێت و جێگیر کراوە."
 
سەبارەت بە مووچەی خانەنشینانی سەربازی، هادی ئەکرەم گوتی: "تاوەکو ئێستا هاوتا نەکراوە و کێشەیان هەیە. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، شاندێکی خانەنشینیی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و بابەتەکە تاوتوێ دەکرێت."
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2014ی پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی ئەم ساڵ جێبەجێ نەکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە