رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی ناوخۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی سەر بە حەلەب، بەرپەرچی هێرشێکی حکومەتی سووریایان داوەتەوە و سێ چەکداریان بریندار کردوون.
پێکدادانەکە ئێوارەی دووشەممە 22ـی ئەیلوولی 2025 لەو دوو ناوچە کوردنشینەی حەلەب روویداوە، کە هێزەکانی نزیک سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەیپارێزن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە چوارچێوەی مافی خۆپاراستنی رەوادا، ئێوارەی دووشەممە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە بەرامبەر هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکومەتی دیمەشق وەستانەوە، کە لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە هێرشیان کردە سەر خاڵێکی هێزەکانی ئاسایش".
بە گوێرەی هەمان راگەیەندراو، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکەدا، سێ چەکداری سەر بە حکومەتی سووریا بریندار بوون و درۆنێکی حکومەتیشیان خستووەتە خوارەوە.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە راگەیێندراوەکەیاندا جەخت دەکەنەوە، لە ئەرکی خۆیاندا بەردەوام دەبن بۆ پاراستنی خەڵک پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و دژی هەموو ئەو هەوڵانە دەوەستنەوە، کە ئاشتی ناوخۆیی دەکەنە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ