کوردستان
کۆبوونەوەی یەکێتیی بەڵێندەران لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی و شاندێکی یەکێتیی بەڵێندەران لقی هەولێر کۆبوونەوە. سەرۆکی شاندەکە دەڵێ، نزیکەی ساڵێکە پارەیان بۆ خەرج نەکراوە و ئەمڕۆ وەزیر بەڵێنی خەرجکردنی پارەی پێداون.
لەبارەی کۆبوونەوەکە، ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و شاندێکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان- لقی هەولێر کۆبوونەتەوە.
راستی فازڵ عەوێنە، جێگری سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی بەڵێندەران سەرۆکایەتیی شاندەکەی کردووە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 14ـی مانگی 10ـی پارەوە هیچ بڕە پارەیەک بۆ بەڵێندەرانی هەولێر خەرج نەکراوە، بەشێکی سەردانەکەشیان بۆ داوای خەرجکردنی پارە بووە.
سەرۆکی شاندی یەکێتیی بەڵێندەران گوتی: "وەزیری دارایی لیژنەی پێکهێنا و بەڵێنی 100%ـی پێداین کە لەمەودوا مانگانە بڕە پارەیەک بۆ بەڵێندەرانی هەولێریش هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە خەرج بکرێت".
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی، دوای گوێگرتن لە کێشەی بەڵیندەرەکان، وەزیری دارایی رایگەیاند: "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەڵێندەران و لەو چوارچێوەیەشدا چەندین نووسراومان لە بەرژەوەندی بەڵێندەران بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە بۆ وەرگرتنی رەزامەندی".
وەزارەتی دارایی دەشڵێت، "شاندی بەڵێندەران چەند داواکاریەکیان خستەڕوو سەبارەت بە خەرجکردنی شایستەی مانگانەی کۆمپانیاکان و گەڕاندنەوەی بارمتەی یاسایی بەڵێندەران قۆناخ بە قۆناخ و لابردنی هەندێک رۆتینی کارگێڕی لە بەردەم پرۆژە و کۆمپانیاکان".
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزیری ئاوات شێخ جەناب، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری و بانکە بازرگانییەکانی راسپاردووە لەگەڵ یەکێتیی بەڵێندەران لەسەرهێڵ بن بۆ وەرگرتنی داتای شایستەی کۆمپانیاکان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ