رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی دەڵێ، هەموو رێکارێکیان لە پەروەردە تەواوکردووە بۆ ئەوەی ئەم ساڵ کامێرای چاودێری و لۆکەیشن لە پاسەکانی هاتووچۆی قوتابیان بخرێتەکار. سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانیش دەڵێت: "270 پاس هاتووچۆ بە خوێندکاران و قوتابیانی پارێزگەکە دەکەن".
رۆژی دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025، نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو رێکارەکانمان تەواوکرد و 10-09-2025 خستمانە بەردەستی پارێزگای سلێمانی تاوەکو تەندەری بۆ رابگەیێنن و کۆمپانیایەک جێبەجێکردنی لەئەستۆبگرێ".
بە گوتەی نەژاد عەبدوڵڵا، "پڕۆسەکە بە شێوەیەکە هەموو پاسەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کە هاتووچۆ بە قوتابییان دەکەن، لۆکەیشن و کامێرای چاودێرییان تێدا دادەنرێ".
هاوکات ئازاد ئەحمەد، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "لەگەڵ قایمقامیەتی سلێمانی کۆبووینەوە و بڕیاردرا هەموو ئەو پاسانەی قوتابیان دەگوازنەوە، کامێرای چاودێری و لۆکەیشنیان تێدا بێ، بەتایبەتی ئەوانەی هاتووچۆ بە قوتابیانی کچ دەکەن".
سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی دەڵێت: "لە پارێزگای سلێمانی 270 پاس هاتووچۆ بە قوتابیان و منداڵانی باخچەی ساوایان و خوێندکارانی زانکۆ دەکەن".
ساڵانە نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن.
دوێنێ یەکشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و لە سەرانسەری باشووری کوردستان، قوتابییان گەڕانەوە قوتابخانەکان.
لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، رۆژانە بەشێک لە قوتابیان بە پاس دەچنە قوتابخانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ