رووداو دیجیتاڵ
ئەو گەنجەی چوار رۆژ لەمەوبەر لە هەولێرەوە بۆ گەشت چووبووە سەیرانگەکانی قەزای تەقتەق و خنکا، ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە.
عەمید گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە بە رووداوی گوت: "ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بە هاوکاری هاونیشتمانییان تەرمەکەمان دۆزرایەوە".
سەبوور مزەفەر ئیسماعیل، تەمەن 22 ساڵ، دانیشتووی گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر بوو، رۆژی هەینی لە زێی بچووکدا خنکا.
دوێنێ رێباز مەسعود، کوڕی خاڵی ئەو گەنجەی ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە بە رووداوی گوت: "کوڕە خاڵەکەم لەگەڵ سێ گەنجی هاوڕێی روویان لە سەیرانگەکانی تەقتەق کردووە؛ چوونەتە پشت سەیرانگەکان و لەژێر پردی دووەم مەلەیان کردووە؛ رووبارەکە دوو لەو گەنجانەی بردووە، دواتر یەکێکیان رزگار کرابوو".
دوای رێکارە یاساییەکان لە قەزای کۆیە، هەر ئەمڕۆ تەرمی سەبوور دەهێندرێتەوە شاری هەولێر و سبەی لە مزگەوتی سەردار سەعید سۆفی پرسەی بۆ دادەنرێت.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە گوتی، ئەم ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ چوار کەس لە سنوورەکەیان خنکاون.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 7 مانگی سەرەتای ئەم ساڵ 49 کەس لە هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ