هەولێر و بەغدا لە چوار خاڵ دا لەبارەی پێشمەرگە ناکۆکن؛ 'پێشمەرگە لەدەستوور دا نییە'

22-09-2025
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە
جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا لەبارەی هێزی پێشمەرگە لە چوار خاڵدا کورت دەکاتەوە، بەغدا لە کۆبوونەوەکان پێیگوتوون، ناوی پێشمەرگە لە دەستووردا نەهاتووە.
 
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری پیشووی وەزارەتی پێشمەرگە لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، وردەکاریی ناکۆکییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی لەبارەی پێشمەرگە باس کرد.
 
فەریقی خانەنشین جەبار گوتی، کێشەی بودجە و پڕچەککردنی پێشمەرگە بەشێکە لە کێشەیەکی قووڵتر و چەندین ساڵەی نێوان هەولێر و بەغدا، کە لە چوار خاڵی سەرەکیدا خۆی دەبینێتەوە.
 
یەکەمیان "لێکدانەوەی جیاواز بۆ دەستوور: حکومەتی فیدراڵ لە کاتی گفتوگۆکان، بڕگەی پێنجی مادەی 121ـی دەستووریان بە شێوازێکی دیکە لێکدەدایەوە. ئەوان هێزی پێشمەرگەیان بە 'پاسەوانی هەرێم' دادەنا نەک هێزێکی بەرگریی نیشتمانی، چونکە لە دەستووردا ناوی پێشمەرگە نەهاتووە. ئەمەش وایکردووە وەک هێزێکی نێوخۆیی سەیری بکەن نەک بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق."
 
جەبار یاوەر ئاماژە بە خاڵێکی دیکەی ناکۆکییەکان لەگەڵ عێراق دەکات و دەڵێت، "بەغدا دەیگوت بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، دەبێت ژمارەی هێزی چەکدار لە هەرێمی کوردستان لە 60 هەزار کەس زیاتر نەبێت، لە کاتێکدا ئێمە نزیکەی 170 هەزار پێشمەرگەمان هەبوو. ئەمە خاڵێکی دیکەی گەورەی ناکۆکی بوو."
 
لەبارەی ناکۆکییەکانی بودجەی پێشمەرگەش، جەبار یاوەر روونیدەکاتەوە "ئەوان پێیانوابوو دەبێت بودجەی هێزی پێشمەرگە لەناو بودجەی گشتیی هەرێمی کوردستاندا دابین بکرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بەرپرسیار بێت، نەوەکو بەشێک لە بودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراق هەژمار بکرێت."
 
بە گوتەی ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە "لە ساڵی 2003ـەوە یەک فیشەکیان بە پێشمەرگە نەداوە، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی عێراق رێی نەداوە هەرێمی کوردستان چەک بکڕێت. لەبەرئەوە "هیچ گرێبەستێکمان لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکی دنیادا پێ نەدەکرا". زیاتر دەڵێت: ئەو هاوکارییە سەربازییانەی لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە بۆمان دیاری دەکرا، زۆر بە گرفتی گەورە و ئاستەنگی زۆرەوە دەگەیشتە دەستمان."
 
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بە یاداشتی دووەمی لێکتێگەیشتن کرد کە لە ساڵی 2022 لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا واژۆ کراوە و رایگەیاند، ئەم یاداشتە وادەیەکی کۆتایی بۆ پرۆسەی ریفۆرم و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دیاری کردووە.
 
جەبار یاوەر گوتی: "لەو یاداشتەدا وا دانراوە، دەبێت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، هەموو خاڵەکانی نێو پرۆژەی ریفۆرم و یەکخستنی هێزەکانی 70 و 80 بە یەکجارەکی جێبەجێ بکرێن و هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی دروست بێت."
 
جەبار یاوەر ئەم وادەیەی بەستەوە بە پلانی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و گوتی: "ئەم وادەیە هاوکاتە لەگەڵ ئەو رێککەوتنەی کە لەنێوان هاوپەیمانان و حکومەتی عێراقدا کراوە، کە دەبێت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە تەواوی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، کۆتایی بێت. بۆیە دەیانەوێت تاوەکو خۆیان لێرەن، پرۆژەکە جێبەجێ بکرێت و هێزی پێشمەرگە بەتەواوی یەکبخرێتەوە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.