رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی هۆڵەندا، کە بەربژێرە ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هۆڵەندا هۆشداری دا، کە شەڕی فەلەستین و ئیسرائیل ببێتە هۆکاری ململانێ لە وڵاتانی ئەوروپا. هەروەها، گوتی خەریکە ئەو گرژی و ئاڵۆزییانە تێکەڵی کۆمەڵگەکانی ئێمە دەبن.
رۆژی یەکشەممە، 22-10-2023، دیلان یەشیلگۆز- زێگەریۆز، وەزیری دادی هۆڵەندا، رایگەیاند، "ئیسرائیل هەموو مافێکی رەوای هەیە بۆ بەرگریکردن لەخۆی ئەمەش مانای وایە لە هەردوو بەرە چەندین بێ تاوان دەبنە قوربانی."
دیلان ئاماژەی بە جووەکان دا و گوتی، "پێداچوونەوە بە رێوشوێنی ئەمنی دەکەم بۆ ناوچە جوونشینەکانی هۆڵەندا کە ژمارەیان نزیکەی 50 هەزار کەسە و زۆربەیان لە شاری ئەمستردامی پایتەختن. پۆلیس لە دەوروبەری پەرستگە و قوتابخانەی جووەکان بڵاوەیان پێکراوە. هیچ هەڕەشەیەکی جدیمان لەسەر نییە، بەڵام دەبێت دڵنیابینەوە کە ئەو رێکارە ئەمنییانە بەسن بۆ پاراستنمان یان نا."
دیلان یەشیلگۆز-زێگەریۆز، پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە و گوتی، "داوا لە خەڵک دەکەم لە دژی تیرۆر یەکبگرن، دەبێت ئەوە نیشان بدەن، کە ئێوە پاڵپشتیی ئیسرائیلن."
وەزیری داد، باسی پرسی کۆچبەرانی کرد و گوتی، "سیستەمی هۆڵەندا لەگەڵ ئەو هەموو پەنابەرە قەرەباڵخ بووە و ئاشتیی کۆمەڵایەتییان خستووەتە مەترسییەوە. خواستی هۆڵەندییەکان بۆ وەرگرتنی پەنابەران بەهێز نییە. زۆر خۆشە کاتێک حیزبەکانی چەپڕەو دەڵێن هەموو کەس دەتوانێت بێتە هۆڵەندا هیچ کێشەیەکمان نییە. بەڵام سەیرکەن چی روودەدات. ساڵی پێشوو خەڵکی لە گوندی تێرئاپل لەسەر شەقام دەخەوتن. چیدی خزمەتگوزاریی خانوو، کار، وانەی زمان و پاڵپشتیی حکومەت نامێنێت ئەمەش بەهۆی گوشاری زۆری پەنابەرانەوە."
دیلان ئەم ساڵ بووە سەرۆکی "پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی" و وا چاوەڕوان دەکرێت کە لە هەڵبژاردنی داهاتوو کە لە 22-11-2023 بەڕێوەدەچێت ببێتە سەرۆکوەزیرانی نوێی هۆڵەندا. ئەو بەڵێنی داوە، ئەگەر ببێتە سەرۆکوەزیران سنوورەکان تووندتر بکات و کۆنتڕۆڵی شەپۆڵی کۆچبەران دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ