رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق کۆبووەوە، بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، دەبێت مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەندە بە چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنەکان.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ یەكشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2023، بڵاویکردووەتەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق، کۆبووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادە بوون و تیمی حکومەت کورتەیەکیان لەبارەی ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ بەغدا خستووەتەڕوو. سەرۆکوەزیران رایگەیاند، "دەبێت مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنەکان و رێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان."
مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، "چاوەڕوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵی ئەوەیە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لە پێش هەمووشیانەوە تەرخانکراوی مووچە وەک لە خشتەکانی بودجەی عێراقدا هاتووە خەرج بکات وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق."
لەو راگەیێندراوەدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان شاندی دانوستانکاری راسپاردووە لە "نزیکترین دەرفەتدا و لەبەر رۆشنایی دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی لایەنەکان لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، لە پەیوەندی بەردەوامدابن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی تا گەیشتن بە چارەسەرێکی هاوسەنگ و گونجاو".

کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە، بڕیارە ئەم هەفتەیە جارێکی دیکە شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکاتەوە، نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی سەردانەکەش تایبەتە بە پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ