رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵی دادگەری پەیامێکی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەنجامە بەدەستهاتووەكانی كۆمەڵی دادگەری لە ئاست چاوەڕوانیی ئێمە و هەڵوێست و هەوڵەكانماندا نەبووە."
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان دەڵێت، "سەرباری ئەوەی هەندێك زانیاریمان لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بەدەست گەیشتووە، کە لای ئێمە پرسیار لەسەر پرۆسەکە دروست دەکات و سەرقاڵی لێكۆڵینەوەین لەبارەیانەوە، پاش تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكانمان هەڵوێستی خۆمان لەبارەی پرۆسەكەوە رادەگەیەنین."
باس لەوەش دەکات، "ئەم دۆخە پێویست بە هەڵسەنگاندنی ورد و بەدواداچوونی جیدی دەكات، پشتیوان بە خوا بە پلان و ستراتیژ و بڕیاری پێویستەوە، لە ئایندەدا هیوا و ئومێد بۆ ئەندامان و دۆستان و دەنگدەرانمان دەگێڕینەوە."
دەنگدانى تایبەتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 18ى تشرینى یەکەم و دەنگدانى گشتى دوو رۆژ دواتر کرا، 118 سکاڵا لە بارەى هەردوو دەنگدانەوەکە پێشکێش بە کۆمیسیۆن کراوە .
دوێنی دووشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2024، ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان راگەیێندرا. کۆمەڵی دادگەری سێ کورسیی بەدەستهێنا.
عیماد جەمیل رایگەیاند: لەگەڵ ژماردنەوەى دەنگى ئەو 26 وێستگەیە کۆمیسیۆن تاوتوێى سکاڵاکان دەکات، دواتر دەست بە دابەشکردنى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان دەکات و ئەنجامى کۆتایی رادەگەیێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ