رووداو دیجیتاڵ
ئولف کریستێرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد رایگەیاند، وڵاتەکەی رێککەوتننامەیەکی سەرەتایی واژۆ کردووە، کە رەنگە ببێتە هۆی فرۆشتنی نزیکەی 150 فڕۆکەی جەنگیی (گریپن) بە ئۆکراینا. ئەمەش دوای کۆبوونەوەیەکی هات لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، لە شاری لینشۆپینگی سوێد.
هەردوو سەرۆکەکە لە شاری لینشۆپینگ لە باشووری سوێد کۆبوونەوە و سەردانی کۆمپانیای ساب (SAAB)ـیان کرد، کە دروستکەری فڕۆکەی جەنگیی JAS 39 Gripen، فڕۆکەی چاودێریی GlobalEye، سیستمی مووشەکی و چەکی دژە تانکی پیادەیە.
کریستێرسن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هەردوو وڵات رێککەوتنێکی هاوکاریی درێژخایەنیان لەسەر بەرگریی ئاسمانی واژۆ کردووە، کە ئەگەری هەناردەکردنی 100 بۆ 150 فڕۆکەی جەنگیی نوێی Gripen E لەخۆدەگرێت، کە دەبێتە گەورەترین گرێبەستی هەناردەکردنی فڕۆکە لە مێژووی سوێددا.
سەرۆکوەزیرانی سوێد گوتی: "بە تەواوی تێدەگەین رێگەیەکی دوورودرێژمان لەپێشە؛ بەڵام لە ئەمڕۆوە، ئێمە پابەندین بە لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەگەرەکان بۆ دابینکردنی ژمارەیەکی زۆری فڕۆکەی گریپن بۆ ئۆکراینا."
زیلینسکی: گریپن خاڵی لەپێشینەی سوپاکەمانە
ئەگەری پێدانی فڕۆکەی گریپن بە ئۆکراینا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لەبەرچاو گیراوە، بەڵام راگیرابوو بۆ ئەوەی کیێڤ تیشک بخاتە سەر وەرگرتنی فڕۆکەی ئێف 16ـی ئەمریکی، کە لە مانگی ئابی رابردووەوە دەستی بە بەکارهێنانیان کردووە.
زیلینسکی لە کۆنفرانسەکەدا گوتی: "دەستمان بە رێکارەکانی وەرگرتنی گریپن کردووە، چاوەڕوانین گرێبەستی داهاتوو رێگەمان پێبدات نزیکەی 100 فڕۆکەی لەو جۆرە بەدەستبهێنین."
پێشتر فڕۆکەوانانی ئۆکراینی لە سوێد بوون بۆ تاقیکردنەوەی گریپن و ئاسانکردنی ئەگەری ناردنی فڕۆکەکان، کە بەراورد بە فڕۆکەکانی وەک ئێف 35ـی ئەمریکی، بژاردەیەکی بەهێز و تاڕادەیەک کەم تێچوون.
زیلینسکی گوتی، ئۆکراینا ئامانجیەتی ساڵی داهاتوو فڕۆکەی گریپنی سوێدی وەربگرێت و بەکاریان بهێنێت. گوتیشی: "بۆ سوپاکەمان، گریپن خاڵی لەپێشینەیە."
کریستێرسن رایگەیاند، هێشتا هیچ شتێک بڕیاری لێنەدراوە، بەڵام مەزەندەی کرد کە بەرهەمهێنان و گەیاندنی یەکەم فڕۆکەی نوێ رەنگە سێ ساڵی بوێت.
سەرۆکوەزیرانی سوێد ئاماژەی بەوەشکرد، پارەدارکردنی گرێبەستەکە رەنگە لە رێگەی ئەو سامانە بلۆککراوانەی رووسیاوە بێت کە لە وڵاتانی رۆژئاوادا دەستیان بەسەردا گیراوە، هەروەها لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانەوە، بەڵام جەختیکردەوە کە هێشتا کاری زۆر ماوە.
جەستن برۆنک، شارەزای جەنگ لە پەیمانگەی شاهانەی خزمەتگوزارییە یەکگرتووەکان لە لەندەن رایگەیاند، گرێبەستەکان ئەوە نیشان دەدات کە ئۆکراینا بیر لە پلانی درێژخایەن دەکاتەوە بۆ هێزی ئاسمانیی دوای جەنگ، نەک چارەسەرێک بۆ پێداویستییە دەستبەجێکانی جەنگ.
پێش گەیشتنی بە لینشۆپینگ، زیلینسکی سەردانێکی کورتی ئۆسلۆی کرد و لەوێ حکومەتی نەرویج رایگەیاند، بڕی 1.5 ملیار کرۆنی نەرویجی (149.4 ملیۆن دۆلار)ـی دیکە دەبەخشێتە ئۆکراینا بۆ کڕینی گازی سرووشتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ