رووداو - هەولێر
نوێنەری سەرۆکی رووسیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمدواییەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بەبێ رەزامەندیی رووسیا کردووە.
رۆژی سێشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2022، ئەلێکساندەر لاڤرێنتیێڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە سووریا بە کامیز شەدادی، پەیامنێری رووداوی گوت: "تورکیا بەبێ ئاگاداری و رەزامەندیی رووسیا ئۆپەراسیۆنەکانی لە سووریا دەکات."
نوێنەری پووتین کە لە ئەستانەی پایتەختی کازاخستان قسەی بۆ رووداو کرد، ئەوەشی نەشاردەوە کە "ئاگایان لە هێرشەکانی تورکیا هەیە." گوتیشی کە رووسیا داوا دەکات "تورکیا بەبێ بەکارهێنانی هێزی سەربازی و لەڕێگەی دیالۆگەوە بەدوای رێگەچارەیەکدا بگەڕێت."
هاوکات، ئەمڕۆ کۆبوونەوەکانی ئەستانە لەبارەی رەوشی سووریا بەڕێوەدەچن؛ چاوەڕواندەکرێت پرسی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستانیش بەشێک بن لە دانوستاندنی لایەنە بەشدارەکان.
ئەوە لەکاتێکدایە کە بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 20ـی تشرینی دووەمی 2022، تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی چنگ - شمشێر راگەیاند و هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دەستپێکرد.
بەگوێرەی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، لە شەوی 19 و رۆژی 20ی تشرینی دووەمدا، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان 29 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە 13 کەسیان خەڵکی سڤیلن، لەگەڵ شەڕڤانێکی یەپەگە و 15ی سەربازی سوپای سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ