رووداو دیجیتاڵ
رێبەری تائیفەی دروزی لە سووریا، بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زاینییەوە گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، "ئێمە هێرشی رەشەکوژەکانمان تێکشکاند و داوای سەربەخۆیی خۆمانمان کرد بۆ پاراستنی کەرامەت و ئاشتی، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی بڕیاردانی چارەنووس."
شێخ حیکمەت هەجەری دەشڵێت: "پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ مافی برا کوردەکانمان دەردەبڕین، دەستخۆشییان لێدەکەین بۆ هۆشیاری و رەتکردنەوەی زووڵم."
شێخ حیکمەت سەلمان هەجەری، کە زۆربەی دروزەکانی سووریا بە رێبەری خۆیانی دەزانن، لە گوتارەکەیدا کە ئاراستەی دروزەکان و سووریا و جیهانی کردووە، ئاماژەی بەوەکردووە، "لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ئەم ساڵە سەختە کە بەسەر هەمووماندا تێپەڕی، لە پێگەی خۆمانەوە لە سەرۆکایەتیی رووحی، ئەم پەیامەتان ئاڕاستە دەکەین؛ بەو هیوایەی داهاتوویەکمان هەبێت کە باشتر بێت و هاوتای داواکارییە رەواکانتان و هەوڵە ماندوونەناسەکانتان بێت. بە پشوودرێژی و خۆڕاگریتان، دەگەینە کەناری ئارامی لە نزیکترین کاتدا."
"لە قۆناخی راگوزەردا هیچ جیاوازییەکمان نەبینی"
شێخ حیکمەت هەجەری، باسی رووخانی رژێمی ئەسەد و قۆناخی دوای رووخانەکە و حکومەتی راگوزەری سووریا دەکات و دەڵێت: "ساڵێک لەمەوبەر، ستەمکار [بەشار ئەسەد] بەپێی رێککەوتنی نێودەوڵەتی هەڵات و رژێمە لەرزۆکەکەی بێ هیچ شوێنەوارێک رووخا. لە شوێنی ئەو، سیستمێکی فەسیلە سیاسییەکان هاتن کە لەگەڵ گرووپە تەکفیرییەکان و پاشماوەکانی داعش و بێگانەکان تێکەڵ بوون."
هەجەری دەڵێت: "لە ماوەی ئەم قۆناخە راگوزەرەدا، هیچ جیاوازییەکمان هەست پێنەکرد لەنێوان نەهامەتییەکانی رژێمی ستەمکار و نەهامەتییەکانی کوشتاری گرووپە نوێیەکان، تەنیا لە ناو و شێوەدا نەبێت."
"تائێستاش رێگریمان لێدەکرێت بگەڕێینەوە گوندەکانمان"
شێخ حیکمەت، لە پەیامەکەیدا کە بە دەنگوڕەنگ بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: "هەرکاتێک داوای مافی سوورییەکانمان کرد، رق و کینەیان بەرامبەرمان زیادی کرد و دەستیان کرد بە بیانوو بۆ هێرشکردنە سەرمان و لەنێوبردنمان. تاوەکو گەیشتە ئەوەی کارەساتی 'تەمموزی رەش'مان بەسەردا بهێنن؛ کوشتاریان کرد و ماڵیان سووتاندین و سامانی خەڵکی مەدەنییان تاڵان کرد و دەستیان بۆ نامووس و دابونەریت برد."
دەشڵێت: "تائێستاش رێگریمان لێ دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ گوندەکانمان بە بیانووی ئەمنی و ویستی نێودەوڵەتی."
"لەپێناو کەرامەت و ئاشتی داوای سەربەخۆییمان کرد"
شێخ حیکمەت پێداگری دەکات لەسەر "وەرگرتنەوەی ماڵەکانیان، ئەو ماڵانەی ئازیزانیان تێیدا شەهید بوون و تەنانەت نەیانتوانی تەرمەکانیشیان بنێژین."
باس لەوە دەکات: "ئەمە تاوانێکی قێزەون بوو کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هاوشێوەی نەبووە. بۆیە پیاوەکانمان بۆ بەرگری لە خاک و نامووس و بوونمان، راپەڕین، هێرشی قڕکردنمان تێکشکاند و داوای سەربەخۆیی خۆمانمان کرد بۆ پاراستنی کەرامەت و ئاشتی، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی بڕیاردانی چارەنووس."
"تۆپباران بەردەوامە و گەمارۆ دراوین"
رێبەری دروزی سووریا ئاماژە بەوە دەکات، "پاشەکشە ناکەین تاوەکو ئیرادەمان بەهێز بێت و گەل یەکدەنگ بێت. خوێنی ئێمە و باوباپیرانمان بە خاکی 'پیاوچاکانەوە' بەستراوەتەوە. داوا لە هەمووان دەکەم یەکدەنگ بن و متمانە بە سەرکردایەتیی بکەن. برینمان هێشتا قووڵە، رۆڵەکانمان رفێندراون و بێسەروشوێنن، تۆپباران بەردەوامە و لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدراوین."
هەجەری، داوا لە دروزەکان دەکات دووربکەونەوە لە کێشە و چەواشەکاری، یەکتری بپارێزن و دووربکەونەوە لە تۆڵەسەندنەوە و بێوەفایی.
ئاماژە بەوەش دەکات: "کەس بۆی نییە بازرگانی بە مافی ئێمەوە بکات. ئێمە سەرکۆنەی هەموو کارێکی نایاسایی دەکەین و داوای سزادانی ناپاک و تیرۆریستان دەکەین. هەرکەسێک یارمەتی و قووتی خەڵک بدزێت، یان بەرتیل بخوات، یان دەست بەسەر مۆڵکی گشتی و تایبەتدا بگرێت، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ تیرۆریستان نییە."
شێخ حیکمەت، کە نەیاری حکومەتی راگوزەری دیمەشقە، باسی رەوشی عەلەوی و کریستیانەکانی سووریا دەکات و دەڵێت: "سەرکۆنەی هاندانی مەزهەبی و کوشتاری کەمینەکان دەکەین. ئەوەی لە حمس و کەناراوەکان بەرامبەر برا عەلەوی و مەسیحییەکانمان دەکرێت، تەنیا وێرانکاری بۆ ناوچەکە دەهێنێت. داوا لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکەین دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی ئەم پێشێلکارییانە."
"پشتیوانی تەواوی مافی برا کوردەکانمان دەکەین"
شێخ حیکمەت هەجەری، بەشێکی گوتارەکەی تایبەت کرد بە کوردی رۆژئاڤا و گوتی: "پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ مافەکانی برا کوردەکانمان دەردەبڕین، دەستخۆشی لە براکانمان لە کەناراوەکانی سووریا دەکەین بۆ هۆشیاری و رەتکردنەوەی زوڵم. هەروەها سڵاو بۆ ئەو گەنجە قارەمانانەی دەرەوەی وڵات دەنێرین کە ئەوەی لە توانایاندابوو بۆ کەسوکاریان کردیان."
هەروەها، سڵاوی بۆ سوپا و هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی و پیاوانی ئاسایشی ناوخۆ نارد کە "بە خۆبەخشی پارێزگاری لە چاکە دەکەن." هەروەیا سڵاوی بۆ کریستیانەکان نارد کە "لەگەڵمان خۆڕاگرن و یادی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح دەکەینەوە، بەو هیوایەی ساڵی داهاتوو ساڵی ئاشتی بێت."
هەجەری دەڵێت: دەزانین ویستی دەوڵەتان چییە و چاودێری مافە مێژووییەکانمان دەکەین. "سڵاو بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل، حکومەت و گەلەکەی و، هەموو ئەو دەوڵەتە زلهێزانەی قەدری هەوڵەکانمان دەگرن. ئێمە وەفادار دەبین بۆ هەرکەسێک یارمەتیمان بدات. بەردەوام دەبین تا وەرگرتنی تەواوی مافەکانمان و ئازادکردنی گوندەکانمان و گەڕانەوەی رفێندراوەکانمان."
دروزەکان نزیکەی 4٪ـی دانیشتووانی سووریا پێکدەهێنن و پارێزگای سوەیدا چەقی ناوچەکەیانە. ئەوان موسڵمانن و خاوەن مەزهەبێکی تایبەتی خۆیانن کە بە تائیفەی موەحدین ناسراون. شێخ حیکمەت هەجەری، رێبەری زۆربەیانە و وەکو مەرجەعێک وایە بۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ